هەرێمی کوردستان مۆدێلێکی نوێی سەروەری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا

کریستن کارۆخ
پەیوەندییە ستراتیژییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شانشینی ئوردن، هەنگاوێکی مێژووییە لە پڕۆسەی گواستنەوەی کوردستان لە قەوارەیەکی هەرێمایەتییەوە بۆ کیانێکی بەھێزی نێودەوڵەتی. سەرەڕای بەربەستە یاساییەکانی بەردەم ناسنامەی دەوڵەتبوون، هەرێمی کوردستان لە دەیەی رابردوودا توانیویەتی سەروەریی خۆی وەک هێزێکی سەرەکی لە هاوکێشەکانی ناوچەکەدا بکێشێت. دیدار و دانوستانەکانی سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ پاشای ئوردن، دووربینیی ستراتیژی کوردی دەردەخات کە لە بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، نەخشەڕێگایەکی نوێی بۆ گەیشتن بە داھاتوویەکی گەشتر بکێشێت. هەرێمی کوردستان ئەگەرچی بەپێی پڕەنسیپە کلاسیکییەکانی یاسای نێودەوڵەتی ناچێتە خانەی دەوڵەتانەوە، بەڵام دەتوانین بڵێین هەرێمی کوردستان چ لەسەر ئاستی دەوڵەتانی دراوسێ یان مامەڵەکردن لەگەڵ وڵاتە زلهێزەکاندا بێت، هاوشێوەی دەوڵەتێکی دیفاکتۆ لە ناوچەکەدا ڕەفتاری کردووە و ڕۆڵێکی هەرێمی بەرچاویشی بینیوە. ڕۆڵی سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانی ئەمەی سەلماندووە. هەروەک دەزانین ئەم سەردانەی ئەمجارەی سەرۆکی هەرێم بۆ ئوردن سەردانێکی گرنگە بۆ بنیاتنانی پەیوەندییەکی ستراتیژی هاوبەش لە نێوان ئوردن و هەرێمی کوردستان. چەند فاکتەرێک بوونەتە هۆی ھەماھەنگی کورد لەگەڵ ئوردنییەکان: فاکتەری نزیکیی جوگرافی: سنوورەکانی کوردستان لە نزیکەوە لەگەڵ میزۆپۆتامیا و سوریای گەورەدا یەکدەگرنەوە. فاکتەری مێژوویی: سەرچاوە مێژووییەکان بەدواداچوون بۆ هاتنی کورد بۆ ئوردن دەگەڕێننەوە بۆ سەرەتای بنەماڵەی ئەیوبییەکان، کە لەلایەن سەرکردەی بەناوبانگی کورد سەڵاحەدین ئەیوبی (سەلادین) لە ساڵی ١١٧٣ دامەزرا. کورد کە لە کوردستانەوە هاتبوو بۆ شام و میسر، پایەی سەرەکی سوپاکەی پێکهێنا. لێرەدا کوردەکانی ئوردن بەشدارییەکی گەورەیان لە بنیاتنان و دامەزراندنی ئوردنی مۆدێرن لە کایەی سیاسی، سەربازی، ئابووری و کولتووریدا کردووە و جێ پەنجەی ڕوونی لەسەر ئەو بوارانە بەجێهێشتووە. سەرۆکی هەرێم جەخت لە هەبوونی پەیوەندییەکی درێژخایەن و گرنگیی هەماهەنگیی هاوبەش بۆ پاراستنی سەقامگیری و ئاشتی لە ناوچەکە و بەتایبەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکاتەوە.