زانکۆکانمان…بینایە و باڵەخانەن!!
محمد خۆشناو
زۆربەمان دەزانین کە لە هەريمی کوردستان دەیان زانکۆ و پەیمانگای حکومی و ئەهلی هەن کە ساڵانە هەزاران خوێنکار دەردەچن ، ڕاستە خوێندن و تەعلیم بەردی بناغەی هەر پێشکەوتنێکە و بنچینەی پێکهێنانی هزری مرۆڤە ، بەڵام لە هەرێمی کوردستان پەو شێوەیە نیە ، چونکە هەرێمی کوردستان نە بازاڕێکی کاری وای هەیە کە ئەو هەموو دەرچوانە لەخۆبگرێت و نە دەرچووەکانیش وا بەتوانا و لێهاتوون کە بتوانن بەچەکی زانست هەلی کار دابین بکەن و جێی خۆیان بکەنەوە و هەروەها ئەمە ڕەنگدانەوەی ڕاستەقینەی ئەو هەموو ژمارەیە نیە لە خزمەتکردنی کۆمەڵگا و گۆڕانێک بەرەو باشتر بکەن ، خوێندن و فێربوون لەکن ئێمە بۆتە کاری بازرگانی و وەک کاڵایەکە دەفرۆشێ و دەکڕدرێت بەتایبەتی زانکۆکانی ئەهلی و بە پاڵنەری هێنانەدی قازانج سەیردەکريت ، بێئەوەی ئاوڕ لە ئایندەی نەوەکان و سروشتی پەیوەندیە کۆمەڵایەتی و مرۆییەکەی نێوانیان بدرێتەوە ، گەورەترین کێشەی زۆرینەی وەبەرهێن و دەوڵەمەندەکانی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە تەنهاوتەنها بیر لە قازانج دەکەنەوە شوقە لەسەر شوقە دروست دەکەن چونکە بازاڕی خانوبەرە قازانجی لە هەموو کەرتەکان زیاترە و جێی سەرسوڕمانە کە زۆربەئ شوقەکانیش چۆلن ، نازانم لەبەرچی ناچن کارگەیەکی مۆدێرن کە ببێتە مایەی گەشەی ئابووری یان زانکۆیەکی کوالێتی بەرزی فێربوون و تۆکمە و مەرجدار بکەنەوە كە ستراتیژیەتی تەعلیمی هەبێت و پێشەنگ بەرهەم بهێنێت ، کەچی بۆ ئەزموونی خوێندنی زانکۆش هەر بایەخ بە بینا و باڵەخانە و ڕواڵەتی دەرەوە لە هۆڵی خوێندن و ئاهەنگی دەرچوان بەبێ دەسکەوتی ڕاستەقینە لەسەر ئاستی بەرهەمەکانی خودی پڕۆسەی تەعلیمیی دەدەن ، جارێ لەو سەدان بڕوانامەی ماجستەر و دکتۆرا بە پلەی « ئیمتیاز » گەڕی کە هەندێکیان هەرگیز بەمێشکدا نەدەهات ببێتە خاوەن « د » ئەو هەموو دالە-ی لێرە هەیە لە ژاپۆن و هەندێک وڵاتی ئەوروپاش نیە ، مامۆستای لاواز قوتابی لاوازتر بۆ بازاڕی کار بەرهەم دێنێت ، بەڕاستی لە وڵاتێکداین پڕی بڕوانامەی جۆراوجۆرە و بەدەگمەن بڕوانامەیەکی ڕاستەقینە دەبینیت ، ئێستا بازاڕی ڕەشی تەعلیم هەیە و چ بڕوانامەکەت بوێت بەدەستیدەهێنیت ، زانکۆکان بە باڵەخانە و بیناکانەوە لە دەرەوە و ناوەوەی شارەکان لە فراوانبووندان و ، لەکاتێکدا خودی ستافی زانکۆ پاشەکشەی کردووە و دابەزیوە ، بازاڕی « نەخاسە »لە زانکۆکاندا هەیە ، ئەگەر لە ستافی هەندێک لەو زانکۆیانە ووردبیتەوە ، ئەوجا بە هەردوو چاوەکانت قەبارەی تراژیدیاکە بە تەوزیفکردنی کەسانی بێتوانا و بێئاستی فێربوون و زانست دەبینیت و ئەوانەی کە مێژووێکی ڕاستەقینەی پیشەییان نیە بۆئەوەی بۆشاییەکە پڕبکەنەوە ، بەڕاستی ستاندارێتی و پێوەر بوونی نیە بەڵکو تەنها بازرگانی و بازرگانی !! بازرگانیی خوێندن و تەعلیم ، زانست و فێربوونی لێتێکداوین و ، لەچوارچێوەی گەڕان بەدوای سەرچاوەدا هەموو شتێک پێشێل دەکرێت ، جیهانێکە وەکو جیهانی مافیا و کارتێلاتە ، هیچ زەبت و ڕەبتێک نیە و ، هەربۆیە ملیۆنا دۆلار لە تێکەڵاویەکی ئاڵۆز و بەرژەوەندیە چەسپاوەکاندا لەسەریەک کەڵەکە دەبن و ، لەکۆتایدا بەدەستی بەتاڵ نە زانست و نە فێرخوازانی زانست دەبینیت تەنها ئەوانە نەبێت کە خودا رەحمیان پێ دەبەخشێت یان ئەوانەی قەدەر پاڵیان پێوەدەنێت دوور لە جیهانەکانی مافیا ! زانکۆ و قوتابخانەکان کارگەن بۆ بەرهەمهێنانی هاوڵاتی لێهاتوو و کێبڕکێکار ئەوانەن کە نرخی نیشتیمان بەرزدەکەنەوە ، ئەگەر کارگەکە بەهەمان ڕێگا وەک ئەوەی ئێستای ئێمە کاربکات ، ئەوە ساڵ دوای ساڵ و نەوە دوای نەوە هەمان زەرەر دەدورینەوە ، مادەکانی خامی ئێمە گەنج و منداڵەکانن ئەوانە باشترین جۆرن ، بەڵام دێنە ناو سیستەمێکی فێربوونی سەقەت کە پێشهات و گۆڕانکاریەکان پشگوێ دەخات ، بۆیە زۆر پێویستە سەرلەنوێ دامەزراوە تەعلیمیەکان هەر لە پێش قوتابخانەوە تاکو زانکۆ دابڕێژرێتەوە بۆ ئامادەکردنێکی شیاوی قووتابی کە کارامەیی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی پتەو بکات و بتوانێت تەنگوچەلەمەکانی بە ڕێگایەکی داهێنەرانە چارەسەر بکات و گەشە بە نیشتیمانەکەی بدات .