ئەحمەد شەرع: دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆی لوبنان ناکەین

حوزەیری 13, 2026 - 22:07
ئەحمەد شەرع: دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆی لوبنان ناکەین


ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری سوریا دەڵێت، ئەوەی سەبارەت بە دەستوەردانی سوریا لە لوبنان بڵاو دەبێتەوە بە تەواوی دوورە لە راستییەوە. 
شەرع لە میانی دیداری لەگەڵ شاندێکی کەسایەتیەكانی گوندەواری دیمەشق رایگەیاند:سەبارەت بە دیاریکردنی سنوورەکان، لە ئێستادا پرسێكە لە پێشینەی کاردا نییەو بە باشمان زانیووە دوایبخەین، بەتایبەتی لەبەر رۆشنایی ئەو قەیران و ئاوارەبوونی ناوخۆییەی کە لوبنان بەخۆوە دەبینێت، کە بە نزیکەی ملیۆن و نیوێک کەس مەزەندە دەکرێت.
دەنگۆی دەستوەردانی سوپای سوریا لە لوبنان و بەشداریكردن لە پرۆسەی چەككردنی حزبوڵای لوبنان لەچەند رۆژی رابردوودا بە چڕی باسكرا، وەك یەكێك لە ئەگەرە بەهێزەكان، بەتایبەت دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئێن بی سی نیوز رایگەیاند، سوریا دەتوانێت رۆڵ ببینێت لە ئاسانکاری بۆ هێرشی وردتر لە دژی حزبوڵا لە لوبنان، وەك ئاماژەیەك بۆ ئەگەری هاوکاریی ئەمنی لەگەڵ سەرکردایەتی نوێی سوریا.
ترەمپ وتیشی، ئەحمەد شەرع ڕەنگە ئامادە بێت هاوکاری هەوڵە ئەمنییەکانی ناوچەکە بکات، بە سەرکردەیەکی زۆر باش وەسسفکرد و رایگەیاند، دوای ڕووخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد لە کۆتایی ساڵی 2024، لە ماوەیەکی کورتدا هەنگاوی گەورەی ناوە بۆ هێنانەدی سەقامگیری لە سوریاو دەكرێت لەم پرسەشدا یارەمەتیدەربێت.

سەرچاوە: درەو