نێچیرڤان بارزانی: پابەندین بە بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئوردن
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شای ئوردن کۆبووەوە و "پێزانینی قووڵی خۆی بۆ هەڵوێستهكانى شانشینی ئوردنيی هاشمی له پشتگيرى بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان دەربڕی". نێچیرڤان بارزانی لە پۆستێکی ئێکس دا دەڵێت، "پابەندین بە بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئوردن".

کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و شا عەبدوڵڵای دووەم، ئەمڕۆ یەکشەممە، 27-04-2025، لە عەممانی پایتەختی ئوردن کرا. نێچیرڤان بارزانی لە پۆستێکی ئێکس لەبارەی کۆبوونەوەکە نووسی: "شەرەفمەندم کە ئەمڕۆ لە عەممان لەگەڵ خاوەنشکۆ شا عەبدوڵڵای دووەم کۆبوومەوە. سوپاسی خاوەنشکۆ و خەڵکی شانشینی ئوردنم کرد لە بەرامبەر پێشوازییە گەرم و میواندۆستییە مەزنەکەیان و پشتیوانیی بەردەوامیان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان".
هەروەها لە پۆستەکەیدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "ئێمە پەیوەندییە بەهێز و مێژووییەکانی ئوردن لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان بەرز دەنرخێنین و پابەندین بە بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانمان." سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا "پتهوكردنى زياترى پەیوەندییەکانی شانشینی ئوردنی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان و فراوانکردنی هاوکاری لە بوارەكانى سیاسی، ئابووری و ئەمنیدا، تاوتوێ کران، ههروهها دهربارهى دوایين پێشهاتە ناوچهيى و نێودەوڵەتييهكانى جێى بايهخى ههردوولا بيروڕايان گۆڕييهوه".
نێچیرڤان بارزانی "پێزانینی قووڵی خۆی بۆ هەڵوێستهكانى شانشینی ئوردنيی هاشمی له پشتگيرى بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان دەربڕی، ههروهها پەیوەندییە مێژوویييهكان و دۆستايهتيى نێوان هەردوولاى بهرز نرخاند".
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، شا عەبدوڵڵای دووەم خواستى وڵاتهكهى بۆ پتهوكردنى پەیوەندییەکان و هاوکاريی هاوبهش لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستاندا دووپات کردەوە، ههروهها داكۆكیی لە پابهنديى ئوردن بۆ پشتگيريى ههر هەنگاوێک کرد کە ئاسايش و سەقامگیری و پێشکەوتن بۆ گەلانی ناوچەکە بەهێز بکات. نێچیرڤان بارزانی بەیانیی ئەمڕۆ گەیشتە عەممان و جگە لە شای ئوردن، بڕیارە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە و چەند بەرپرسێکی دیکەش کۆببێتەوە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا لەگەڵ شای ئوردن، نێچیرڤان بارزانی و شا عەبدوڵڵای دووەم، "جەختیان لەسەر گرنگیی هەماهەنگیی هاوبەش بۆ پاراستنى سەقامگیری و ئاشتی لە ناوچەکەدا کردەوە و باسيان له چهند پرسێكى ديكهى جێى بايهخى هاوبهش، كرد".
ئەم سەردانە، راستەوخۆ دوای بەشداریکردنی نێچیرڤان بارزانی لە پرسە و رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی پاپا فرانسیس دێت.
ئەمە یەکەم سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان نییە بۆ ئوردن، پێشتر و لە ساڵی 2021 لەلایەن شا عەبدوڵڵای دووەم پێشوازیی لێکرابوو.
ڕووداو