هەڵبژاردنی کەنەدا دەستیپێکرد؛ راپرسییەکان لە بەرژەوەندیی لیبڕاڵەکانە

هەڵبژاردنی کەنەدا کاژێر 2:00ی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە بە کاتی هەولێر دەستیپێکرد، زیاتر لە 28 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە بۆ هەڵبژاردنی 343 کورسیی پەرلەمان.

نیسان 28, 2025 - 22:43
هەڵبژاردنی کەنەدا دەستیپێکرد؛ راپرسییەکان لە بەرژەوەندیی لیبڕاڵەکانە

رکابەرییەکە بە گشتی لە نێوان دوو پارتی سەرەکیی وڵاتەکەیە؛ پارتی لیبراڵ بە سەرۆکایەتیی مارک کارنی، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا و پارتی پارێزگاران کە پیێر پۆلیڤیێ سەرکردایەتی دەکات. هەر پارتێک 172 کورسی بەدەستبهێنێت دەبێتە زۆرینە و حکومەت پێکدەهێنێت.

مانگی پێشوو جەستن ترودۆ، سەرۆکوەزیرانی پێشووی وڵاتەکە دەستی لەکار کێشایەوە و کارنی چووە شوێنی، پەرلەمانی کەنەدا هەڵوەشێنرایەوە و هەڵبژاردنی گشتی راگەیێنرا. پێش هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان؛ پارتی لیبراڵ 152 کورسی، پارتی پارێزگاران 120 کورسی، بلۆک کێبێکوا 33 کورسی، پارتی دیموکراتی نوێ 24 و پارتی سەوز 2 کورسییان هەبوو.

 پێشتر حەوت ملیۆن کەس پێشوەختە دەنگیان دابوو، ئەمڕۆ دووشەممە کاژێر 2:00ـی دوای نیوەڕۆ بە کاتی هەولێر، دەنگدان دەستیپێکرد. دەنگدان بۆ ماوەی 12 کاژێر بەردەوام دەبێت و کاژێر 2:00ـی بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە بە کاتی هەولێر سندووقەکان دادەخرێن.

بەهۆی گەورەیی رووبەرەکەی، کەنەدا شەش کاتی جیاوازی هەیە. بۆ نموونە ئەگەر لە شاری سەینت جۆنز لە رۆژهەڵاتی کەنەدا کاژێر 10:00ـی بەیانی بێت، ئەوا لە شاری ڤیکتۆریا لە رۆژئاوای وڵاتەکە کاژێر 2:30ـی دوای نیوەڕۆ دەبێت، واتا چوار کاژێر و نیو جیاوازیی کاتیان هەیە.

بەربژێرەکان کێن؟

لە 45ـەم هەڵبژاردنی پەرلەمانیی کەنەدادا، شەش پارتی سەرەکی هەن و بەربژێرەکانیان بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران ئەمانەن: پارتی لیبراڵ: مارک کارنی. پارتی پارێزگاران (نەریتخواز): پیێر پۆلیڤیێ. پارتی بلۆک کێبێکوا (چەپ): یڤێس فرانسوا بلانشێ. پارتی گەل (راستڕۆی تووندڕۆ): ماکسیم بێرنیێ. پارتی دیموکراتی نوێ (چەپ): جاگمیت سینگ. پارتی سەوز: ئەلیزابێس مێی و جۆناتان پێدنێلت.

 لە کەنەدا چوار پارتی سەرەکی هەن (لیبراڵ، پارێزگاران، بلۆک و دیموکراتی نوێ).

پارتی لیبراڵ براوەی زۆربەی هەڵبژاردنەکان بووە، پارتی پارێزگاران رکابەری سەرەکیی لیبراڵە. ئێستا راپرسییەکان لە بەرژەوەندیی لیبراڵەکانە. پارتەکەی کارنی 42.8٪؛ پارتی پارێزگاران 39.2٪؛ پارتی دیموکراتی نوێ 8.1٪؛ پارتی سەوز 1.8٪ و پارتی گەل 1.3٪ـیان هەیە.

 کەی ئەنجامەکان ئاشکرا دەکرێن؟

 لەگەڵ تەواوبوونی دەنگدان لە هەر هەرێمێکی کەنەدا، دەست بە ژماردنی دەنگەکان دەکرێت. بەهۆی ئەوەی لایەنی پەیوەندیدار لە کەنەدا دووبارە دەنگەکان بۆ پشڕاستکردنەوە دەژمێرنەوە، بۆیە ئەگەری دواکەوتنی هەیە، بەڵام ئەنجامە بەراییەکان لە بەرەبەیانی رۆژی 29-04-2025 دەردەکەون. ئاژانسی (Elections Canada) کە دامەزراوەیەکی سەربەخۆ و حکومیی کەنەدایە، ئەرکی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی لەسەر شانە و دەڵێت، زۆربەی دەنگەکان لە شەوی دووشەممە دەژمێردرێن. ئاژانسەکە بە شێوەیەکی فەرمی، دوایین ئامار و ئەنجامی دەنگدان لە دوای شەش مانگ رادەگەیێنێت، ئەمەش واتا کۆتاییەکانی مانگی 10ـی ئەم ساڵ.

چی روودەدات ئەگەر هیچ پارتێک هەڵبژاردن نەباتەوە؟

 سەرۆکەی ئەو پارتەی زۆرترین دەنگی هێناوە یان زۆرترین کورسی بەدەستهێناوە، حکومەت پێکدەهێنێت. ئەگەر هیچ پارتێک نەگاتە 172 کورسی، ئەو حکومەتەی پێکدێت پێیدەگوترێت حکومەتی کەمینە. پێویستە پارتی خاوەن زۆرترین دەنگ هاوپەیمانێتیی لەگەڵ پارتەکانی دیکە بکات.

 کەی براوە دەبێتە سەرۆکوەزیران؟

ئەگەر لیبراڵەکان بیبەنەوە، مارک کارنی لە جێگەی خۆیدا دەمێنێتەوە و پێویست ناکات دووبارە سوێند بخوات و کابینەکەشی ناگۆڕێ. ئەگەر پارێزگاران بردییەوە، پیێر پۆلیڤیێ دوای دوو هەفتە لە هەڵبژاردن دەبێتە سەرۆکوەزیرانی کەنەدا. بۆ نموونە کاتێک جەستن ترودۆ لە ساڵی 2015 لە ستێفن هارپەری بردەوە، دوای 15 رۆژ بووە سەرۆکوەزیران.

کەنەدا بە ژمارە

 - کۆی بەرهەمی نێوخۆی وڵاتەکە دوو ملیار و 142 ملیۆن دۆلارە.

  • رووبەرەکەی 9.98 ملیۆن کیلۆمەتر دووجایە. - هەر دۆلارێکی ئەمریکی بەرامبەر 1.39 دۆلاری کەنەدییە.
  • - رێژەی هەڵاوسان لە وڵاتەکە 2.3٪ـە. - 41.5 ملیۆن کەسی تێدا دەژی.
  •  - رێژەی بێکاریی 6.7٪ـە.

سەرچاوە: ڕووداو