ترەمپ: دەکرێت کەنەدا ببێتە 51ـەم ویلایەتی ئەمریکا

لەگەڵ ئەوەی هەڵبژاردنی گشتیی کەنەدا بەڕێوەدەچێت، ترەمپ دەستبەرداری خەونەکەی نابێت و دەڵێت: "کەنەدا ویلایەتی خۆشەویستی ژمارە 51ـی ئەمریکایە."

نیسان 28, 2025 - 22:46
ترەمپ: دەکرێت کەنەدا ببێتە 51ـەم ویلایەتی ئەمریکا

رۆژی دووشەممە 28-04-2025 دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیەڵ نووسی: "چیدیکە سنووری کێشراو لە نێوان ئەمریکا و کەنەدا نابێت، سەیرکەن ئەم خاکە چەند جوان دەبێت. دەستڕاگەیشتنی سەربەخۆ، بەبێ ئەوەی سنوور هەبێت، هەموو خاڵێکی ئەرێنی بەبێ ئەوەی هیچ خاڵێکی نەرێنی هەبێت؛ دەبوو ئەوە رووبدات."

 ترەمپ گوتی: "ئەمریکا چیدیکە ناتوانێت بە سەدان ملیار دۆلاری ساڵانە پشتگیریی کەنەدا بکات، ئەمە هیچ مانایەکی نییە، مەگەر کەنەدا ببێتە ویلایەتێک."

 ئەمڕۆ دووشەممە هەڵبژاردنی گشتیی کەنەدا دەستیپێکرد و کەنەدییەکان چاوەڕێن حکومەتی نوێ پێکبهێنرێت و دژی لکاندنی خاکیان بە ئەمریکاوە بوەستنەوە، ئەمە جگە لەو شەڕە بازرگانییەی ترەمپ دەستیپێکردووە.

 پارتی لیبراڵ کە مارک کارنی، سەرۆکوەزیرانی نوێی کەنەدا سەرۆکایەتیی دەکات، لە پێش پارتی پارێزگارانەوە دێت کە پیێر پۆلیڤیێ سەرۆکییەتی.

 ترەمپ داوای لە کەنەدییەکان کرد: "ئەو پیاوە هەڵبژێرن کە توانا و دانایی ئەوەی هەیە باجەکانتان بۆ نیوە بکاتەوە، بێبەرامبەر هێزی سوپاتان بۆ بەرزترین ئاستی جیهانی زیاد بکات.

سەرچاوە: ڕووداو