سوودانی بۆ واژۆکردنی رێککەوتنێکی ستراتیژی دەچێتە ئیتاڵیا

محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بانگهێشتنامەیەکی فەرمی لە ئیتاڵیاوە پێگەیشت بۆ سەردانیکردنی ئەو وڵاتە و واژۆکردنی رێککەوتننامەی ستراتیژی دوولایەنە.

نیسان 28, 2025 - 22:49
سوودانی بۆ واژۆکردنی رێککەوتنێکی ستراتیژی دەچێتە ئیتاڵیا

بەگوێرەی راگەیێندراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە 28ی نیسانی 2025 نیکۆلۆ فۆنتانا، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق بانگهێشتنامەی فەرمی وڵاتەکەی گەیاندە سوودانی و رایگەیاندووە ئامانج لە سەردانەکە "واژۆکردنی رێککەوتننامەی ستراتیژی دوولایەنەیە لە بوارەکانی ئابووری، ئەمنی، سەربازی و رۆشنبیریدا".

 باڵیۆزی ئیتاڵیا سەردانەکەی بە دەرفەتێک دانا بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوو وڵات، کە مێژووەکەیان بۆ دەیەی هەشتاکانی سەدەی رابردوو دەگەڕێتەوە. راشیگەیاند: "هاوکاری نێوان عێراق و ئیتاڵیا بنەڕەتی و میحوەرییە بۆ چەسپاندنی سەقامگیری لە ناوچەکە و جیهاندا."

 لە دیدارەکەدا، پتەوکردنی پەیوەندیی دووقۆڵی و پەرەپێدانی هاوکاری هاوبەش لەپێناو بەرژەوەندی هەردوو وڵات گفتوگۆکراوە.

سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لە پابەندبوونی حکومەتەکەی کردەوە بە جێبەجێکردنی ئەو خاڵانەی کە لەگەڵ جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ بەغدا لە کۆتایی ساڵی 2022 رێککەوتنیان لەسەر کردبوو. هەروەها ئاماژەی بە هەوڵی بەردەوامی عێراق دا بۆ قووڵکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیتاڵیا و گرنگی بەشداری کۆمپانیا ئیتاڵییەکان لەو "بووژانەوە گشتگیرەی"، کە عێراق بەخۆیەوە دەیبینێت، ئامادەکاریش بۆ سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی بۆ رۆما دەکات.

 کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان عێراق و ئیتاڵیا لە ساڵی 1982دا،

عێراق گرێبەستێکی بۆ کڕینی 11 پارچەی دەریایی لەگەڵ کۆمپانیای فینکانتیری (Fincantieri) ئیتاڵی بە بڕی یەک ملیار و 200 ملیۆن دۆلار واژۆ کرد، چوار دانەی لێ وەرگرت کە زۆری نەخایاند لە جەنگەکانی دواتردا تێکشکان، بەڵام ئەوانی دیکە بەهۆی گەمارۆوە رادەستی عێراق نەکران، سەرەڕای ئەوەی کە تەواوی تێچووەکەی درابوو، ئیتاڵیا کەشتییەکانی جارێکی دیکە فرۆشتەوە بەبێ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ عێراق یان پارەکەی بۆ بگێڕێتەوە.

ئیتاڵیا رەزامەندی دەربڕی لەسەر فرۆشتنی 62 فڕۆکەی جۆراوجۆر بە عێراق وەکو جێگرەوەی گرێبەستە کۆنەکانی چەک. رێککەوتن کرا لەسەر ئەوەی سێ جۆری جیاوازی فڕۆکە بۆ عێراق دابین بکرێت.

 لە ئەیلوولی 2021 و شوباتی 2022، جومعە عەناد، وەزیری بەرگریی ئەوکاتەی عێراق، لەگەڵ شاندی ئیتاڵی کۆبووەوە بۆ تاوتوێکردنی رێککەوتنەکەی هەشتاکان، کە بەهاکەی 1.2 ملیار دۆلارە.

 جومعە عەناد لە شاری میلان لەگەڵ کۆمپانیاکانی چەک (فینکانتیری و لیۆناردۆ Fincantieri و Leonardo) و سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا گفتوگۆی کرد بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی دووقۆڵی و یەکلاییکردنەوەی ئەم دۆسیەیە.

سەرچاوە: ڕووداو