دواى تەواوکردنى گەشتەکەى بۆ مالیزیا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکا بە رێگەوەیە بۆ ژاپۆن بە مەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانى نوێی ئەو وڵاتە و بڕیارە کۆریاى باشووریش دوا وێستگەى گەشتەکەى بێت.
لە وەڵامی پرسیارێکى رۆژنامەنووساندا ترەمپ گوتى، بۆ هەر هەلێک ئامادەیە تاوەکو چاوى بە رێبەری کۆریاى باکووریش بکەوێت، حەز دەکات شتێکى لەو جۆرە رووبدات.
کۆریاى باشوور چەند رۆژێکە ناوچە جێناکۆکەکانى نزیک لە سنوورى وڵاتەکە و کۆریاى باکوورى بەڕووی گەشتیاراندا داخستووە، ئەمەش بەو جۆرە لێکدەدرێتەوە کە دەکرێت ترەمپ لەو ناوچانە چاوى بە کیم جۆنگ ئوون بکەوێت.
ئەوەش لە کاتێکدایە، بەر لە دەستپێکردنى گەشتەکەى، کۆشکى سپی رەتیکردەوە هیچ جۆرە کۆبوونەوەیەک لەنێوان ترەمپ و رێبەری کۆریاى باکوور لە ئەجێنداى ترەمپ دا هەبێت.
کۆریای باکوور پێشتر رایگەیاندبوو، سەرۆکى وڵاتەکە ئامادەیە ترەمپ ببینێت بە مەرجى ئەوەى دان بە پرۆگرامی ئەتۆمیی وڵاتەکەى دا بنێت.
ترەمپ و کیم جۆنگ ئوون سێ جار دیداریان لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیی ترەمپ هەبوو. دوایین کۆبوونەوەیان لە ساڵى 2019 لە ناوچەی داماڵدراو لە چەک لە سنوورى کۆریاى باشوور و باکوور بوو.
لە لێدوانێکى بۆ میدیاى فەرمیی کۆریای باکوور، مانگى پێشوو رێبەری وڵاتەکە گوتبووى یادەوەرییەکى باشی لەگەڵ سەرۆک ترەمپ هەیە و ئامادەیە بیبینێت، بەڵام بە مەرجى ئەوەى دان بە پرۆگرامی ئەتۆمیی وڵاتەکەى دا بنێت، کە پێیانوایە بە هیچ شێوەیەک جێی پاشگەزبوونەوە نییە.
سەرچاوە:رووداو