رۆژی دووشەممە، دەزگای چاودێریی کۆمپانیاکان لە ئوسترالیا رایگەیاند، سکاڵای لە دادگەی فیدراڵیی ئەو وڵاتە لەدژی کۆمپانیای مایکرۆسۆفت تۆمار کردووە. کۆمپانیای مایکرۆسۆفتی تۆمەتبار کردووە بە چەواشەکردن و بەهەڵەدابردنی نزیکەی 2.7 ملیۆن ئوسترالی کە بەشدارییان لە پلان و بەرنامەکانی مایکرۆسۆفت 365 کردووە. ئەو پڕۆگرامە کۆمەڵێک خزمەتگوزاریی ئۆفیسی ئۆنلاین لەخۆدەگرێت.
بەگوێرەی ئەو دەزگایە، مایکرۆسۆفت بە کڕیارەکانی گوتووە دوو بژاردەیان هەیە: یان پارەی زیادە بدەن بۆ بەردەستبوونی سەرجەم خزمەتگوزاریەکانی مایکرۆسۆفت 365 کە لەگەڵ بەرنامەی ژیریی دەستکردی کۆپیلۆت یەکخراون، یان ئەندامبوونیان لەو بەرنامەیە بەتەواوی هەڵبوەشێننەوە.
هەر لەسەر هەمان پرس، کۆمیسیۆنی پێشبڕکێ و بەکاربەری ئوسترالیا رایگەیاند، دوای پێشکێشکردنی ئەو دوو بژاردەیە و دەستپێکردنی پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەی ئەندامبوونی ئوسترالییەکان لە بەرنامەکانی مایکرۆسۆفت، ئەو کۆمپانیایە، بژاردەی سێیەمی بۆ داناون کە بریتیی بووە لە بەردەوامبوونی بەشداریکردنی بەرنامەی کۆنی مایکرۆسۆف ئوفیس بێ زیادکردنی ژیریی دەستکردی کۆپیلۆت.
جینا کاس گۆتلیب، سەرۆکی کۆمیسیۆنەکە دەڵێت، "مایکرۆسۆفت بە ئەنقەست پلانە کۆنەکەی سڕیوەتەوە یان شاردووەتەوە تاوەکو خەڵک ناچار بکرێت، پارە و ئابوونە بۆ پلانە نوێ و گرانەکەی مایکرۆسۆفت بدەن."
هەروەها ئەو کۆمیسیۆنە رایگەیاندووە، بەرنامەکانی مایکرۆسۆفت کە خەڵکێکی زۆر کڕیویانە و پارەیەکی زۆریان پێداوە، بووەتە بەشێکی گرنگ لە ژیانی رۆژانە و کاری ئەو خەڵکە، بۆیە هەڵوەشاندنەوەی پلان و بەرنامەکانی مایکرۆسۆفت، کارێک و بڕیارێکی ئاسان نەبووە بۆ ئوسترالییەکان.
کۆمیسیۆنەکە مایکرۆسۆفتی تۆمەتبار کردووە بەوەی لە 31ـی تشرینی یەکەمی پارەوە، بەشداربووانی لە پلانە نوێیەکەی چەواشە کردووە.
دەزگای چاودێریی کۆمپانیاکانی ئوسترالیاش رایگەیاندووە، ئابوونەی ساڵانەی ئوسترالییەکان بۆ پلانە نوێیەکەی بەرنامەی مایکرۆسۆفت 365 کە خزمەتگوزاریی ژیریی دەستکردی کۆپیلۆتی لەگەڵدایە، نرخەکەی بەڕێژەی 29٪ بۆ 45٪ زیاترە لەگەڵ پلانە کۆنەکەی.
دەزگاکە داوای سزای دارایی و قەرەبووی بەکاربەرەکانی دەکات و ئەگەریش دادگە، مایکرۆسۆفت بە تاوانبار دابنێت، رەنگە سزای زیاتر لە 30 ملیۆن دۆلاری بەسەردا بسەپێنێت.
سەرچاوە: رووداو