نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت دابەزی بۆ کەمتر لە 67 دۆلار

نرخی نەوت ئەمڕۆ چوارشەممە بە دابەزین کرایەوە و هەر بەرمیلێک نەوتی برێنت بۆ خوار 67 دۆلار دابەزی.

حوزەیری 11, 2025 - 10:59
نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت دابەزی بۆ کەمتر لە 67 دۆلار

هەرچەندە چین و ئەمریکا لەسەر چوارچێوەیەک گەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ چارەسەرکردنی کێشە بازرگانییەکانی نێوانیان، بەڵام هێشتا ناڕوونی هەیە سەبارەت بە رێککەوتنەکە و دەبێت دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پەسندی بکات.

 نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 19 سەنت دابەزی و بە 66 دۆلار و 68 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 16 سەنت دابەزی و بە 64 دۆلار و 82 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

لەڕووی بنەماکانی بازاڕەوە، خواستی چین بۆ بەکارهێنانی نەوت کەمبووەتەوە. خستنەڕووی نەوتیش لەلایەن ئۆپێک پڵەسەوە زیادیکردووە. لەدوای دوو رۆژ کۆبوونەوە؛ هوارد لاتنیک، وەزیری بازرگانیی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "دوو وڵات رێککەوتوون چوارچێوەی رێککەوتنەکەی جنێڤ جێبەجێ بکەن."

 لاتنیک هەروەها رایگەیاند، دوو وڵات توانیویانە پرسی هەناردەکردنی کانزای دەگمەن لە چینەوە بۆ ئەمریکا چارەسەر بکەن کە لەم دواییانەدا حکومەتی چین سنوورداری کردبوو.

پریانکا ساجێدڤا، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (فلیپ نۆڤا) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "پاشەکشەی ئەمرۆی نرخی نەوت بۆ پرۆسەی کۆکردنەوەی قازانج و ناڕونییەکانی پەیوەست بە رێککەوتنی بازرگانی نێوان ئەمریکا و چین دەگەڕێتەوە."

سەرچاوە: ڕووداو