نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بەرزبووەوە بۆ 3340 دۆلار

هەرچەندە چین و ئەمریکا رێککەوتوون لەسەر چارەسەکردنی کێشە بازرگانییەکانیان، بەڵام بە ئەگەری زۆرەوە رێککەوتنەکەی نێوانیان هێندە تووندوتۆڵ نییە کە دڵنیایی بداتە بازرگانان.

حوزەیری 11, 2025 - 10:57
نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بەرزبووەوە بۆ 3340 دۆلار

نادڵنیاییەکانی پەیوەست بە رێککەوتنەکە، ئەمڕۆ چوارشەممە پاڵپشتی بۆ نرخی زێڕ دروستکردووە و نرخی ئۆنسەیەک کانزای زەردی بە رێژەی 0.3% بەرزکردەوە بۆ 3340 دۆلار.

دوای دوو رۆژ کۆبوونەوە لە لەندەن لەگەڵ جێگری سەرۆکوەزیرانی چین، هوارد لاتنیک، وەزیری بازرگانیی ئەمریکا رایگەیاند، چوارچێوەی رێککەوتنەکە پێشانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەدەن بەر لەوەی جێبەجێی بکەن.

تیمی دانوستاندنکاری چینیش بە هەمان شێواز رایانگەیاندووە، دەبێت سەرۆکی وڵات رێککەوتنە نوێیەکە ببینێت و پەسندی بکات.

مات سیمپسۆن، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (سیتی ئیندێکس) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "ئێمە دەزانین رێککەوتنێک کراوە، بەڵام تاوەکو سەرۆک ترەمپ و سەرۆک شی، رێککەوتنەکە پەسند نەکەن، هیچ شتێک لەنێوان ئەمریکا و چین یەکلایی نابێتەوە."

 ئەو شرۆڤەکارە پێیوایە، "ناڕوونییەکانی پەیوەست بە رێککەوتنەکەی نێوان ئەمریکا و چین پاڵپشتیی بۆ نرخی زێڕ دروستکردووە."

سەرچاوە: ڕووداو