خۆراکی هەولێر: لە هەفتەیەکدا 300 هەزار کەس خۆیان بۆ فۆرمی ئەلیکترۆنی تۆمار کردووە
بەڕێوەبەری رێکخستنی پسووڵەی خۆراکی پارێزگای هەولێر رایگەیاند لە ماوەی یەک هەفتەدا 300 هەزار هاونیشتمانی لە سنووری پارێزگاکەدا خۆیان بۆ فۆرمی ئەلیکترۆنیی خۆراک تۆمار کردووە. دەشڵێت، لە قۆناخی داهاتوودا زیادکردنی ناوی منداڵی تازە لەدایکبوو بۆ وەرگرتنی بەشەخۆراکی مانگانە دەستپێدەکاتەوە.

سیامەند قادر نانەکەلی، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی رێکخستنی پسووڵەی خۆراک، میوانی بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو بوو، باسی پرۆسەی بەئەلیکترۆنیکردنی فۆرمی خۆراکی کرد و گوتی، پرۆسەکە لە رۆژی 3ی حوزەیرانەوە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە و ماوەی مانگێک بۆ خۆتۆمارکردن دیاریکراوە، تاوەکو رۆژی 5ی تەممووزی 2025.
ئاماژەی بەوەش کرد، دەبێت هەموو هاووڵاتییەک پسووڵەکانیان بکەنە ئەلیکترۆنی و لە ماوەی ئەو وادەیەی دیاریکراوە، پێویستە هاونیشمانییان خۆیان تۆمار بکەن، بۆئەوەی فۆرمەکەیان ببێتە ئەلیکترۆنی.
لە سنووری پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سۆران و قەزا و ناحیەکانی، نزیکەی دوو ملیۆن کەس مانگانە دەتوانن سوودمەندی بەشەخۆراک ببن. سیامەند قادر دەڵێت، تاوەکو ئێوارەی دووشەممە 9ی حوزەیران، لە کۆی ملیۆنێک و 983 هەزار کەس لە پارێزگای هەولێر، 300 هەزار خۆیان تۆمار و زانیارییەکانیان نوێ کردووەتەوە.
بەڕێوەبەری رێکخستنی پسووڵەی خۆراکی هەولێر دەشڵێت، هاونیشتمانییان هەنگاوی یەکەم دەبێت ئەپڵیکەیشنی پسووڵەی خۆراک (البطاقة التموينية) دابەزێنن بۆ مۆبایلەکانیان، دواتر هەژمارێک دروست دەکەن، پاشان داتا و زانیارییەکانیان بەگوێرەی داواکارییەکان تۆمار بکەن.
فۆرمی خۆراک، کارتی نیشتمانی و کارتی زانیاری پێداویستیی سەرەکین بۆ خۆتۆمارکردن و نوێکردنەوەی زانیارییەکان، لەبارەی گرفتی ئەو هاونیشتمانییانەی کە کارتی نیشتمانییان نییە، سیامەند قادر گوتی، "ئەو هاووڵاتییانەی ئەندامێکی خێزانەکەیان یان هەموویان کارتی نیشتمانییان نەبوو، دەتوانن لە سیستمەکەدا کاتێک دەچێتە سەر ناوی کەسەکە، بژاردەی (بلۆک) هەڵبژێرێت، پاشان چوار بژاردەی پێدەدات (گەشتی کردووە، مردووە، نوێکردنەوە، هی دیکە..)، ئەوا دەتوانن بژاردەی (نوێکردنەوە)ی کارتی نیشتمانی هەڵبژێرن، ئەگەریش کەسەکە لە ژیان نەمابێت، دەتوانن بژاردەی مردوو هەڵبژێردن.
لە 05-03-2023ـەوە گواستنەوەی فۆرمی خۆراک، زیادکردنی ناوی منداڵ بۆ فۆرمی خۆراک لە تەواوی هەرێمی کوردستان راگیراوە و هیچ منداڵێک بەشەخۆراکی بۆ تەرخان نەکراوە. بەڕێوەبەری رێکخستنی پسووڵەی خۆراکی هەولێر دەڵێت، لەدوای تەواوبوونی خۆتۆمارکردن، خزمەتگوزاریی (مامەڵەی هاووڵاتییان) چالاک دەکرێت بۆ تۆمارکردنی ناوی منداڵی تازە لەدایکبوو، یان ئەوانەی ژیانی هاوژینییان پێکهێناوە.
لە سنووری پارێزگای هەولێر نزیکەی 3100 بریکاری خۆراک و ئارد هەن، سیامەند قادر دەڵێت، "بریکارەکان هاوکارێکی باشن بۆئەوەی خەڵک خۆیان تۆمار بکەن و هاوکاریی هاونیشتمانییان دەکەن. داوا لە خەڵک دەکەین لەو وادەیەی دیاریکراوە خۆیان تۆمار بکەن و فۆرمەکانیان بکەنە ئەلیکترۆنی."
سەرچاوە: ڕووداو