نێچیرڤان بارزانی: دووژمنان هەمیشە هەوڵدەدەن تەباییمان لەنێوببەن

نێچیرڤان بارزانی لەمیانی بەشداریکردنی لە رێوڕەسمی خوولی نوێی پەیمانگەی کادیرانی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، "دووژمنانی ئازادی هەمیشە هەوڵیان داوە تەبایی و پێکەوەژیانمان لەنێوببەن." گوتیشی، "هەر کاتێک پارتی بەهێزتر بێت دەستکەوتەکانمان زیاتر دەبن."

نیسان 29, 2025 - 20:55
نێچیرڤان بارزانی: دووژمنان هەمیشە هەوڵدەدەن تەباییمان لەنێوببەن

 نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە 29-04-2025 لە گوتارەکەیدا لەو رێوڕەسمەدا جەختی لە پێویستیی بەشداریی زیاتری ئافرەتان لەنێو حیزبەکەدا کردەوە و گوتیشی، "پارتی بڕوای بە ئازادی و فرەیی هەیە." هەروەها پەیامێکی ئاراستەی کادیرانی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد و گوتی، کادیری پارتی "دەبێت پارێزەری نیشتمان و ناسنامەی کورد بێت." ئاماژەی بەوەش کرد، "داهاتووی کوردستان لە ئەستۆی کادیرانی پارتیدایە" و دەبێت "خاوەنداریی کورد و کوردستان بکەن."

 دەقی گوتارەکەی نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان:

کاک مەسروور بارزانی،

هەڤاڵانی مەکتەبی سیاسیی پارتی،

ئامادەبووانی بەڕێز،

کادیرانی حزب لە هەر شوێنێک هاتبن،

بەخێربێن سەرچاو،

 بەیانی هەموو لایەکتان بە خێر و خۆشی

 خۆشحاڵم کە لە رێوڕەسمی کردنەوەی ئەم خولەی کادیراندا بەشدار دەبم لەگەڵ ئێوە. هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم، لە خزمەتکردنی زیاتری کوردستان و رێبازەکەتان، رێبازی بارزانی، رێبازی خزمەتکردن و قوربانیدان لەپێناو گەلی کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانیەوە، بە رابەرایەتیی جەنابی گەورەمان سەرۆک مەسعود بارزانی.

بەشداریتان لەم خولەدا مانای قووڵی هەیە. ئەمە نوێکردنەوەی پەیمانە لەگەڵ بنەماکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، کە لەسەر گیانی نیشتمانپەروەری و ناسنامەی نیشتمانیی کورد و کوردستانیان بەگشتی؛ هەروەها لەسەر بنەمای وەفاداری بۆ رێبازی بارزانیی نەمر لە خەبات بۆ ئازادی و سەرفرازیی گەلی کوردستان، بونیات نراوە. دووپاتی دەکەینەوە کە ئەرک و ناوەرۆکی پەیامەکەتان، کارکردنە بۆ بەهێزکردنی کاری هاوبەش و چەسپاندنی گیانی یەکگرتوویی و یەکڕیزی، لەنێوان هەموو رۆڵەکانی گەلی کوردستان، لەگەڵ رێزگرتنی تەواو لە فرەیی سیاسی کە ئەزموونی دیموکراسیمان بەهێز و دەوڵەمەند دەکات.

 پاراستنی فرەیی و ئازادییە ئایینییەکان و پشتگیریکردنی پێکەوەژیانی ئاشتییانە لەنێوان هەموو پێکهاتەکانی کوردستاندا ئەرکی نیشتمانی و ئەخلاقییە، بەتایبەتییش کە دووژمنانی ئازادی هەمیشە هەوڵیان داوە تەبایی و پێکەوەژیانمان لەنێوببەن. بەها باڵاکانی مرۆڤایەتی وەکو ئازادی، دادپەروەری و یەکسانی، کڕۆکی بیر و رێبازی بارزانیی نەمر و پارتین، کە هەمیشە هەر وا دەمێننەوە. ئەم بەهایانە دەبێت بکرێن بە کرداری جیددیی رۆژانە و کاریان لەسەر بکرێت. ئەوەش بۆ پتەوکردنی شکۆی کورد و پتەوکردنی هەموو توێژەکانی کۆمەڵگە.

 گرنگییەکی تایبەتی بە پشتگیری و بەهێزکردنی ئافرەتان دەدەین بۆ گەیشتن بە پێگەی شیاو کە لەگەڵ ماف و کەرامەتیان دەگونجێت. تەنیا بە بەشدارییەکی تەواو و دادپەروەرانە لەنێوان پیاوان و ئافرەتاندا، هەروەها بە بایەخ و گرنگیدان بە گەنجان بەرز دەبێتەوە. خۆشحاڵم بەوەی لە کۆی 100 کادیری بەشداربوو لەم خولەدا 23یان ئافرەتن؛ بەڵام بە دڵنیاییەوە چاوەڕوانی و تموحی زۆرمان لە بەشداربوونی ئافرەتان هەیە. بەشداریی ئافرەتان لە کاری پارتایەتی و ئامادەیی و هەبوونیان لە ئۆرگانەکانی پارتیدا زۆر زۆر پێویستە. هیوادارین لە خولەکانی داهاتوودا رێژەیەکی زۆر لەمە زیاتریش ئافرەت بەشدار بن.

 هەڤاڵانی ئازیز،

تێگەیشتن لە سەردەم و ئاڵنگاری و گۆڕانکارییەکان، پێویستییەکی سەرەکییە بۆ کاری پارتی. ئێوە داواتان لێدەکرێت بە گیانی سەردەمییانە برەو بە تواناکانتان بدەن، بۆئەوەی پێشەنگی نەوەی رۆشنبیر و هۆشیار بن لە کوردستان و لەناو پارتی. لەڕێگەی رەخنەی بونیاتنەرانە و خۆپەروەردەکردنی بەردەوام و پسپۆڕی لە هەموو بوارەکاندا، بەتایبەتی لە بوارەکانی زانست و تەکنەلۆجیادا نەوەی ئەمڕۆ زیاتر هۆشیارە، بەڵام بەهۆی گەشەسەندنی خێرای تەکنەلۆجی، زیاتر بەرکەوتە مەترسیدارەکانیشی لەسەرە.

بەرپرسیارێتیی ئێوەیە کە رێنیشاندەر بن و ئەم نەوەیە ئاراستە بکەن و لە لادان و کاریگەرییە نەرێنییەکان بیانپارێزن. کادیری پارتی دەبێت پارێزەری نیشتمان و بەرگریکار بێت لە ناسنامەی کورد و ناسنامەی نیشتمانیی کوردستانیان. بەتایبەتی بەرامبەر بەو رەوتە دەرەکییانە بوەستێت کە هەوڵی بەردەوام دەدەن بۆئەوەی ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتمانی لاواز بکەن.

 پارتی لە رۆژی یەکەمی دامەزراندنیەوە تائێستا، لە هەموو قۆناخەکاندا پارێزەری ناسنامەی نەتەوەیی کورد و کوردستانیان بووە. هەروەها بەرپرسیارێتیی گەورە دەکەوێتە سەر شانتان بۆ پاراستنی گەنجەکانمان لە هەموو مەترسییەکی ئەم سەردەمە کە بەرۆکی گەنجان دەگرێت. وەکو مەترسیی مادەی هۆشبەر و کردارە زیانبەخشەکانی دیکە.

پارتی دیموکراتی کوردستان هەردەم قوتابخانەیەک بووە لە باوەڕ بە دۆزی کورد و کوردستان، لە دڵسۆزی بۆ خزمەتکردنی گەل و وڵات، لە کرانەوە بەڕووی جیهاندا بە گیانێکی بەهێزی شارستانی، دەبێت هەموومان وەفاداری ئەم قوتابخانەیە بین کە قوتابخانەی کوردایەتی و بەرگرییە لە کورد و کوردستانییان و هەڵگری پەیامی ئازادی، دادپەروەری و ئاشتییە. داهاتووی پارتی و کوردستان ئەمانەتێکە و لە ئەستۆی ئێوەدایە.

با پێکەوە بە جیددی و دڵسۆزی کار بکەین بۆ بونیاتنانی نیشتمانێکی ئازاد و پێشکەوتوو، کە هەموو رۆڵەکانی بە کەرامەت و یەکسانی بژین، گیانی شەهیدانی کوردستان شاد بکات و ببێتە پاداشتێک بۆ خزمەت و رەنج و خەباتی تێکۆشەرانی پێشمەرگە قارەمانەکان کە لەم رێبازەدا خوێنی خۆیان بەخشیوە و ئەمڕۆ لەم مەراسیمەدا سەری رێز و نەوازش بۆ ئەو شەهیدانە دادەنوێنین.

 لەبیرتان نەچێت، ئەرکی ئێوە خزمەتکردنی خاک و وڵاتە. خۆ بە خاوەنکردنی راستەقینەیە لە کورد و کوردستانیان، هەروەها قوربانیدانە لەپێناو خاک و نیشتمان و کارکردنی جیددی و دڵسۆزانەیە بۆ بونیاتنانی داهاتوویەکی گەشتر و باشتر.

 هەر کاتێک پارتی بەهێز بێت و هەرکاتێک پارتی هەبێت، بە دڵنیاییەوە کوردستانیش گەشاوەتر و ئارامتر و پێشکەوتووتر دەبێت؛ چونکە پارتی زامنی سەرکەوتن و پارێزەری دەستکەوتەکانی گەلی کوردستانە، بۆ بونیاتنانی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و مەدەنیی دیموکرات کە تێیدا بەها رەسەن و باڵاکانی گەلەکەمان و بەها هاوبەشەکانمان لەگەڵ جیهانی پێشکەوتوودا پارێزراو بن.

لەم بۆنەیەدا دەستخۆشی لە هەڤاڵ قادر قاچاخ و پەیمانگەی پێگەیاندنی کادیران دەکەم کە لە هەموو قۆناخەکانی خەباتدا رۆڵی دیار و بەرچاویان هەبوو لە پێگەیاندنی کادیران. سوپاسی هەڤاڵان لە مەکتەبی سیاسی و ستافی پەیمانگە و مامۆستایانی بەڕێز دەکەم بۆ رەنج و ماندووبوونیان. زۆرێک لەم تێکۆشەرانەی ئەمڕۆ لێرە دانیشتوون سەردەمێک قوتابی و سەردەمێکیش مامۆستای ئەم پەیمانگەیە بوون. پیرۆزبایی لە هەمووتان دەکەم.

 هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم، دروود و سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدان، سڵاو و رێز بۆ خێزان و کەسوکاری سەربەرزیان. هەموو لایەکتان بەخێر بێن، سوپاس.

سەرچاوە: ڕووداو