پێرێز جەژنەکەی لە ئەنچێلۆتی تێکدا
یانەی ریال مەدرید، بەسەرۆکایەتی فلۆرێنتینۆ پێرێز، رێکەوتنی کارلۆ ئەنچێلۆتی لەگەڵ فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل تێکدا، کە بڕیاربوو لە دوای کۆتایی وەرزی ئەمساڵی پاڵەوانێتییە ئەورووپییەکان بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

سەرچاوەکان ئاشکرایانکردووە، "بەرازیلییەکان زۆر تووڕەن لە ریال مەدرید و ئامادەن دانوستاندنەکانیان لەگەڵ ئەنچێلۆتی بەیەکجاری رابگرن".
ئەو سەرچاوانە دەڵێن، "فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید، رێکەوتنی ئەنچێلۆتی و بەرازیلی تێکداوە، لەبەرئەوەی رەتیکردووەتەوە ئەو مووچانەی راهێنەرەکە تاوەکو کۆتایی گرێبەستەکەی کە لەسەر یانەکەیە بیدات و پێیانگوتووە دەتوانێت بەخۆڕایی بڕوات".
سەرچاوەکان دەڵێن، "وێڕای رێکەوتنی زارەکیی نێوان ئەنچێلۆتی و بەرازیل کە لە چەند رۆژی رابردوودا کراوە، کە هەردوولا ئامادەبوون بۆ بەفەرمیکردنی رێکەوتنی نێوانیان، بەڵام ریال مەدرید تەگەرەی خستووەتە بەردەم دەستەوارەکە".
هەروەها دەڵێن، "ئەنچێلۆتی لە لەندەن لەگەڵ بەرپرسانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل کۆبووەتەوە و رێکەوتنی لەسەر هەموو شت کردووە، بەڵام ریال مەدرید کاتی رێکەوتنەکەی بەدڵ نەبووە، هەربۆیە تەگەرەی خستووەتە بەردەم رێکەوتنەکە".
میدیای ئیسپانیا لای خۆیانەوە گوتوویانە، "ئەنچێلۆتی بەنوێنەرانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیلی راگەیاندووە، ئەو ناتوانێت لەو وادەیەدا کەلەسەری رێکەوتوون کە بریتی بووە لە مانگی حەوتی ئەمساڵ، مەشقدانی هەڵبژاردەکە وەربگرێت، بەڵکو لە مانگی هەشتدا دەتوانێت دەستبەکاربێت".
بەرپرسانی بەرازیل داواکارییەکەی ئەنچێلۆتییان بەلاوە سەیر بووە، لەبەرئەوەی هەموو شت پێشتر رێکەوتنی لەسەرکرابوو. سەرچاوەکان دەڵێن، بەرازیلییەکان پێیانوابوو کە ئەنچێلۆتی رەزامەندیی ریال مەدرید وەرگرتووە بۆیە دانوستاندنی لەگەڵ ئەوان دەستپێکردووە، بەڵام دەرکەوتووە کە هێشتا ریال مەدرید لەبارەی داهاتووی ئەو راهێنەرەوە خۆی یەکلایی نەکردووەتەوە.
ئەوەی کێشەیە بۆ رێکەوتنی ئەنچێلۆتی و بەرازیل، ئەوەیە کە ریال مەدرید ماوەی کەمە و دەبێ دوای دوایین یاریی خۆی لە لالیگا، دەستبەجێ ئامادەکاریی بۆ مۆندیالی یانەکان دەستپێبکات و کەمیی ماوە، رێگرە لەوەی یانەکە بڕیار لە گۆڕینی راهێنەرەکەی بدات بەو خێراییە.
سەرچاوە: ڕووداو