گرێبەستی سەدە.. هیلال هەردوو گەورەی ریال مەدرید دەگوازێتەوە
سعودییەکان وازناهێنن و دەیانەوێت باشترین یاریزانی جیهان ببەنە خولەکەیان و بۆ ئەو مەبەستە پارەیەکی خەیاڵی تەرخان دەکەن. هەروەها دەیانەوێت لە رێگەی گرێبەستکردن لەگەڵ کارلۆ ئەنچێلۆتی ئەو ئامانجە بپێکن.

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان خواستێکی بەهێزی یانەی هیلالی سعودییان بۆ گواستنەوەی کارلۆ ئەنچێلۆتی ئیتاڵی راهێنەری یانەی ریال مەدرید ئاشکراکردووە بۆ ئەوەی وەرزی داهاتوو سەرکردایەتی تیپەکەی بکات.
ئەنچێلۆتی شوێنی خۆرخێ جیسوسی راهێنەری پۆرتوگالی دەگرێتەوە کە دوای دەرچوونی تیپەکە لە چامپیۆنزلیگ نزیکە لە رۆیشتن لە یانەی شاهانە. هیلال ماڵئاوایی لە خولی یانە پاڵەوانەکانی بژاردەی ئاسیا کرد دوای ئەوەی 1-3 بە ئەهلی هاونیشتیمانی دۆڕا.
دوابەدوای یارییەکە، چەند راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی ئاماژەیان بەوە کرد کە خیسوس دوا رۆژەکانی لەگەڵ یانەی هیلال بەسەردەبات، و تەنیا خولی رۆشن لەگەڵ تیپەکە تەواو دەکات و لە کۆتایی وەرزدا لە یانەکە دەڕوات، بەهۆی ئەوەی یانەکە دابەزینێکی بەرچاوی لە ئاست و ئەنجامدا بەخۆیەوە بینیوە.
بەگوێرەی راپۆرتەکان کارگێڕیی یانەی هیلال سوودی لە تێکچوونی دانوستاندنەکانی نێوان ئەنچێلۆتی و فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیلی وەرگرتووە، کە لە لێواری دەستبەکاربوونیدا بوو، سعودییەکان گرێبەستێکی پڕ قازانجیان پێشکەش بە راهێنەرە ئیتاڵییەکە کردووە بۆ ئەوەی وەرزی داهاتوو سەرکردایەتی یانەکەی بکات.
ڕۆژنامەی مارکای ئیسپانی بڵاویکردووەتەوە، یانەی هیلال مووچەی ساڵانە 50 ملیۆن یۆرۆی پێشکەش بە راهێنەرەکە کردووە، بەمەش دەبێتە خاوەنی زۆرترین مووچە لەنێوا راهێنەرانی جیهاندا.
لەلایەکی دیکەوە کۆمپانیای SPORTS ZONE لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "X" بڵاویکردەوە، یانەی هیلال خەون بەگواستنەوەی کارلۆ ئەنچێلۆتییەوە دەبینێت و دەیەوێت خۆرخێ خیسوس بەڕێبکات. ئاماژەی بەوەشکردووە، یانە سعودییەکە دەستەوارەیەکی خەیاڵی پێشکەش بە راهێنەرە ئیتاڵییەکە کردووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، کە لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە کە لە سعودیە باوەڕێک هەیە کە ئەنچێلۆتی دەتوانێت ببێتە هۆکاری ئەوەی ڤینیسیۆس جونیۆری بەرازیلی رازی بکات لەم هاویندا لەگەڵیدا بچێتە هیلال.
سەرچاوەکان دەڵێن، سعودییەکان دەستەوارەیەکی دیکەی خەیاڵییان ئامادە کردووە بۆ رازیکردنی ڤینیسیۆسی خاوەنی خەڵاتی زە بێستی تایبەت بە باشترین یاریزانی جیهان و دەڵێن "800 ملیۆن یۆرۆ دابین کراوە بۆ بردنی ڤینی بۆ خولی رۆشنی سعودی".
هیلال ئامانجی ئەوەیە ریزەکانی بە چەند گرێبەستێکی نێودەوڵەتی گەورە بەهێز بکات بۆ ئەوەی بە بەهێزی بەشداری لە مۆندیالی یانەکانی 2025 بکات، کە لە هاویندا لە ئەمریکا دەستپێدەکات.
سەرچاوە: ڕووداو