مەسرور بارزانی: داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکەین ڕێژەی پێویستیی نەوتی خاو بۆ هەرێمی کوردستان کە ئێستا 50 هەزار بەرمیلە

تەمووزی 27, 2026 - 15:37
مەسرور بارزانی:  داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکەین ڕێژەی پێویستیی نەوتی خاو بۆ هەرێمی کوردستان کە ئێستا 50 هەزار بەرمیلە

سەرۆکی حکوومەت، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی راسپارد کە لە زووترین کاتدا، چارەسەری ئەم بابەتە بکەن بە جۆرێک کە بەرژەوەندیی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لەبەرچاو بگیرێت.

لە کۆبوونەوەکەدا ئەم بڕیارانە دران:

یەکەم؛ نرخی بەنزینی نۆرمالی پاڵپشتیکراو لەلایەن حکومەتەوە، بە هەمان نرخی ئێستا بەردەوام دەبێت و لەسەر ئەو بەنزینخانانە دابەش بکرێت کە پابەندن بە ڕێنماییەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بەمەبەستی کۆنترۆڵکردنی نرخ و جۆری بەنزین.

دووەم ؛ پێداچوونەوە بە نرخی بەنزینی جۆری (سوپەر و محەسەن) بکرێت كه گونجاو بێت لەگەڵ بازاڕی هەرێم و ڕێگرییش بکرێت له قازانجى ناڕەوا. هەروەها ئاسانکاریش بکرێت بۆ هێنانی ئەو ماددە کیمیاییانەی کە بۆ دروستکردنی ئەو دوو جۆرە بەنزینە بەکار دەهێنرێن.

سێیەم ؛ داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکەین ڕێژەی پێویستیی نەوتی خاو بۆ هەرێمی کوردستان کە ئێستا 50 هەزار بەرمیلە ، زیاد بکات بۆ 126.7 هەزار بەرمیل بەپێی ڕێژەی %12.67ی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان کە ئێستا لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە دیاریکراوە.

چوارەم: ڕێگری لە قۆرخکاری لە بواری سووتەمەنی و بە تایبەتی بەنزین بکرێت.