زیاتر لە 45 ملیار دینار بۆ پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە تەرخاندەکرێت

وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، زیاتر لە 45 ملیار دینار بۆ پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین خەرج دەکات.

نیسان 30, 2025 - 20:10
زیاتر لە 45 ملیار دینار بۆ پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە تەرخاندەکرێت

لە راگەیێندراوێکی وەزارەتی داراییدا ئاماژە بەوە کراوە، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی چەند بڕیارێک 'لە بەرژەوەندی بەڵێندەران' دەرکرد و بڕیاری دا بە خەرجکردنی زیاتر لە 45 ملیار دینار بۆ دەرمان و پێداویستیی تەندروستیی سلێمانی، نەخۆشخانەی هیوا، شەقامی 100 مەتریی سلێمانی، رێگەی دوو سایدی کەلار - دەربەندیخان، شایستەی کۆمپانیاکانی خۆڵ و خاشاک و پڕۆژە بەردەوامەکانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین.

هاوکات هەر لە چوارچێوەی بڕیارەکاندا وەزیری دارایی و ئابووری بڕیاری داوە بە بەردەوامبوونی لیژنەی خەرجکردنی گەڕانەوەی (التأمینات و خطاب الضمان)ی بەڵێندەران لە سەرجەم بانکەکان بە مەبەستی گەڕانەوەی پابەندییەکان بەپێی رێژە و گوژمەی دیاریکراو.

 ئەو 45 ملیار دینارەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان خەرجیکردووە بۆ پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین، بەم شێوەیە دابەشکراوە:

 1- 4.5 ملیار دینار بۆ خەرجیی دەرمان بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی.

2- چوار ملیار دینار بۆ خەرجیی دەرمان بۆ نەخۆشخانەی هیوا.

3- 3.5 ملیار دینار بۆ سەرجەم پڕۆژەکانی سلێمانی و دەوروبەری.

4- سێ ملیار دینار بۆ سەرجەم پڕۆژەکانی ئیدارەی گەرمیان.

5- دوو ملیار دینار بۆ سەرجەم پڕۆژەکانی ئیدارەی راپەڕین.

6- دوو ملیار دینار بۆ سەرجەم پڕۆژەکانی پارێزگای هەڵەبجە.

7- 5 ملیار دینار بۆ پڕۆژەی رێگەی دوو سایدی کەلار - دەربەندیخان.

8- 20 ملیار دینار وەکو شایستەی دارایی پڕۆژەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی (شاڕێی بابان).

9- 1.5 ملیار دینار پارەی خۆڵ و خاشاک.

 ئەوەش لە کاتێکدایە، بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ کێشە و گرفتەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین، لە چەند رۆژی رابردوودا ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری سەرپەرشتیی چەند کۆبوونەوەیەکی کرد لەگەڵ بەرپرسانی ئیداری، یەکێتیی بەڵێندەران و بانکەکانی سەر بە وەزارەتەکەی، دوای ئەو کۆبوونەوانە و ئاگاداربوون لە کێشە و گرفتەکان، وەکو وەزارەتی دارایی دەڵێت، چەند بڕیارێکی لە بەرژەوەندیی بەڵێندەران و ئەو کۆمپانیایانە دەرکرد کە سەرقاڵی ئەنجامدانی پڕۆژەکانن.

سەرچاوە: ڕووداو