سوپای ئیسرائیل: ئەگەر هێرش بکرێتە سەر دروزەکان حکومەتی سووریا دەکەینە ئامانج
فەرماندەیەکی باڵای ئیسرائیل دەڵێت، فەرمان بە سوپای ئیسرائیل کراوە خۆیان بۆ بۆردوومانکردنی چەند ئامانجێکی حکومەتی سووریا ئامادە بکەن، ئەگەر دروزەکانی ئەو وڵاتە رووبەڕووی تووندوتیژیی زیاتر ببنەوە.

رۆژی چوارشەممە 30-04-2025 سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، فەریق ئێیال زامیر، فەرماندەی سوپا "فەرمانی بە سوپای ئیسرائیل کردووە خۆیان بۆ بۆردوومانکردنی چەند ئامانجێکی حکومەتی سووریا ئامادە بکەن، ئەگەر تووندوتیژی لە دژی کۆمەڵگەی دروز زیاد بکات و بەردەوام بێت."
لەلایەکی دیکە، بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە ئیسرائیل رایگەیاند، سوپای وڵاتەکە هێرشێکی ئاسمانیی کردووەتە سەر هێزێکی سووریا کە پلانی هەبووە هێرش بکاتە سەر دروزەکان لە پارێزگەی دیمەشق. بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیران و یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا رایانگەیاند، هێرشە ئاسمانییەکە "ئۆپەراسیۆنێکی هۆشداری بووە،" کە لە رێگەیەوە "پەیامێکی جیدی" دراوەتە بەرپرسانی باڵای سووریا و پێی راگەیاندوون، "ئیسرائیل ئەو چاوەڕوانییەی هەیە کە سووریا هەنگاو بنێت بە مەبەستی رێگەگرتن لە زیانگەیاندن بە دروزەکان."
لە رۆژی دووشەممە 28-04-2025ـەوە پێکدادانەکان لە سنووری دیمەشق بەردەوامن، سەرچاوە خۆجێییەکانیش باس لە کوژرانی دەیان کەس لە هێزەکانی ئاسایشی گشتی و ئەو گرووپانە دەکەن، کە هێرشیان کردووەتە سەر جەرەمانا و گرووپە درووزەکانی ئەو ناوچەیە. پێکدادانەکە دوای ئەوە دروست بوو کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تۆمارێکی دەنگیی کەسێک بڵاوکرایەوە کە بێڕێزی بەرامبەر بە پێغەمبەری ئیسلام (د. خ) دەکات و وا بڵاوکرایەوە کە کەسێکی دروز ئەو کارەی کردووە.
بۆردوومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەی ئەشرەفییەی سەحنایان لە نزیک دیمەشق. دڵخواز محەممەد، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە دیمەشق رایگەیاند، ئیسرائیل تاوەکو ئێستا چوار جار بۆردوومانی ئەو گەڕەکەی کردووە.
ئوسامە ریفاعی، موفتیی سووریا رایگەیاند: "ئەگەر ململانێ لە وڵاتەکەمان سەریهەڵدا، هەموومان؛ هەموو نەژادەکان، هەموو ئایینەکان و هەموو تائیفەکان دەدۆڕێین."
سەرچاوە: ڕووداو