حکومەتی هەرێمی کوردستان: هیچ بەربەستێکمان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت نییە

حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هیچ بەربەستێکمیان نییە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت و زیانەکان ملیاران دۆلاری تێپەڕاندووە. داوای خێراکردنی رێککەوتنی نەوتیش دەکات.

نیسان 30, 2025 - 20:16
حکومەتی هەرێمی کوردستان: هیچ بەربەستێکمان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت نییە

رۆژی چوارشەممە 30-04-2025، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران کۆبووەوە و لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، دوایین پێشهاتەکانی پرسی نەوت و رێکخستنەوەی کاروباری خانەنشینان تاوتوێ کران.

لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "هیچ بەربەستێک لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە نییە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت."

 بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت، باسی لە دوایین پێشهاتەکان کردووە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای یاسای بودجەی عێراق. کەمال محەممەد جەتیکردەوە، "وەزارەتەکەیان ئەوەندەی پەیوەندی بە حکومەتی هەرێم هەبێت، پابەندییەکانی خۆی بەتەواوی جێبەجێ کردووە" و "هیچ ئاستەنگ و بەربەستێک لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە نییە" بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت و دانانی داهاتەکەی لە گەنجینەی گشتیی فیدراڵی.

لە کۆبوونەوەکەدا ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران وردەکاریی گفتوگۆکانیان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی و کۆمپانیا نەوتییەکان خستەڕوو، ئاماژەیان بەوەدا کە هەندێک بڕگە پێشڤەچوونی باشی بەخۆوە بینیوە و هەوڵەکان بۆ یەکلاییکردنەوەی خاڵەکانی دیکە، بەتایبەت ئەوانەی پەیوەستن بە کۆمپانیاکانەوە، بەردەوامن.

 ئەنجومەنی وەزیران پشتیوانیی خۆی بۆ دانوستانەکان دووپاتکردەوە و داوای لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، وەزارەتی نەوتی فیدراڵی، کۆمپانیا نەوتییەکان و کۆمپانیای سۆمۆ کرد کە "لە هاوئاهەنگی و دانوستان بەردەوام بن بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا، بابەتەکان یەکلایی بکەنەوە و بگەنە رێککەوتن" و دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم بکرێت.

 حکومەتی هەرێمی کوردستان هۆشداریدا لەوەی زیانی دارایی بە گەنجینەی گشتی بەهۆی راگرتنی هەناردەی نەوتەوە "دەیان ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە." لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی رێکخستنەوەی دامەزراوەی بەڕێوەبردنی خانەنشینی گشتی کرا لەژێر رۆشنایی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراقی ژمارە 9ـی ساڵی 2014 و بڕیارێکی دادگای فیدراڵی. عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، راپۆرتێکی لەوبارەیەوە پێشکێش کرد.

ئەنجومەنی وەزیران جەختیکردەوە لە بایەخدان بە خانەنشینان و وەزارەتەکانی (دارایی و ئابووری، کاروباری پێشمەرگە و ناوخۆ)ـی راسپارد کە "بەزووترین کات لیژنەیەکی تایبەتمەندی هاوبەش پێکبهێنن بۆ دانانی رێکار و میکانیزمی گونجاو" بەمەبەستی ئاسانکاری و خێراکردنی رێکارەکانی خانەنشینی و خەرجکردنی مووچە و شایستەکانیان لە کەرتەکانی مەدەنی، سەربازی و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، بەجۆرێک کە هیچ دواکەوتنێک لە راییکردنی مامەڵەکانیان و وەرگرتنی شایستەکانیاندا روونەدات.

سەرچاوە: ڕووداو