ئەنجوومەنی وەزیران خزمەتی سەربازی و ئەمنی (ساڵێک بە دوو ساڵ) پەسەند دەکات

وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد كە، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بڕیاریداوە هەژمارکردنی خزمەتی سەربازی و ئەمنی (ساڵێک بە دوو ساڵ) پەسەند بكات، ئەم هەژمارەش ئارەزوومەندانەیە و هێزە ئەمنییەكان دەتوانن وەری بگرن یاخود رەتی بكەوە.

ئاب 5, 2026 - 17:04
ئەنجوومەنی وەزیران خزمەتی سەربازی و ئەمنی (ساڵێک بە دوو ساڵ) پەسەند دەکات

وەزارەتی پێشمەرگە راگەیەنراوێكی لەسەر ئەم بابەتە بڵاو كردەوە كە ئەمەی خوارەوە دەقەكەیەتی:-

​ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەسەر پێشنیازی لیژنەیەکی تایبەت بە چۆنیەتی ڕێکخستنی ماوەی خزمەت، ڕەزامەندی لەسەر پەسەندکردنی کۆنووسی هەژمارکردنی ماوەی خزمەتی سەربازی و ئەمنی بە شێوازی دوو چەندانە (ساڵێک بە دوو ساڵ) دەربڕی، ئەم بڕیارە بە مەبەستی ڕێکخستنەوەی ڕاژە و پاراستنی مافی یاسایی و دارایی فەرمانبەران و کارمەندانی گشت دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکانی هەرێم دراوە.

​بەپێی ناوەرۆکی نووسراوەکە کە ئاراستەی وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی ناوخۆ و ئەنجوومەن و دەزگای ئاسایشی هەرێم کراوە، ماوەی هەژمارکردنی ئەم خزمەتە لە ڕێکەوتی 4ی تەممووزی 1992، لە ڕاگەیاندنی یەکەم کابینەی حکوومەتەوە دەست پێ دەکات تاوەکو کۆتایهێنان بە ڕاژەکانیان.

هەروەها پاڵپشت بە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیران، دوا وادە بۆ هەژمارکردنی ئەم خزمەتە بە شێوازی ساڵێک بە دوو ساڵ تا ڕێکەوتی 31ی کانوونی یەکەمی 2024 دیاری کراوە.

​پرۆسەی هەژمارکردنی ئەم خزمەتە بە مەرجێک دەبێت کە کارمەند یان ئەفسەرەکە خانەنشینی ئەو ساڵانە لە مووچەی بنەڕەتی بداتەوە، بەپێی زانیارییەکان، هەر پێشمەرگەیەک پێویستە 10%ی مووچەی بنەڕەتیی 10 ساڵ بداتەوە کە دەکاتە نزیکەی 3 ملیۆن و 936 هەزار دینار، بۆ ئەفسەرانیش بڕەکە دەگاتە شەش ملیۆن و 336 هەزار دینار.

سەرەڕای ئەوەش، جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە زۆرەملێ نییە و بابەتێکی ئارەزوومەندانەیە، بەجۆرێک کە پێویستە فەرمانبەر یان ئەفسەرەکە خۆی داواکاری فەرمی بۆ هەژمارکردنی ئاراستەی فەرمانگەکەی بکات.

​سەبارەت بە گواستنەوەی ڕاژە، بڕیارەکە جیاوازی لەنێوان سێکتەرەکاندا دەکات؛ بەجۆرێک ئەو کەسانەی لە هێزە سەربازی و ئەمنییەکانەوە ڕاژەکەیان بۆ بەشی شارستانی گوێزراوەتەوە یان دەگوێزرێتەوە، هەژمارکردنی ساڵێک بە دوو ساڵ نەیانگرێتەوە، بەڵام ئەو کارمەند و ئەفسەرانەی میلاکیان لەنێوان دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکانی وەک پێشمەرگە، ناوخۆ و ئاسایشدا دەگوێزرێتەوە، مافی هەژمارکردنی خزمەتەکەیان بە ساڵێک بە دوو ساڵ بۆ دەپارێزرێت.