فڕۆکەهەڵگری ئەبراهام لینکۆڵن گەیشتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) دیمەنی نوێی کار و چالاکییەکانی سەر کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "USS Abraham Lincoln - CVN 72"ی بڵاوکردەوە، کە وەک بەشێک لە بەهێزکردنی پێگەی سەربازیی واشنتۆن لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جێگیر کراوە.
لەو دیمەنانەی کە سێنتکۆم بڵاویکردوونەتەوە، تیمە تەکنیکییەکانی سەر کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکە خەریکی ئاراستەکردن و ئامادەکردنی کۆپتەری جۆری (MH-60S Sea Hawk)ـن بۆ جێبەجێکردنی ئەرکە ئاسمانییەکان. ئەم جۆرە کۆپتەرە بە یەکێک لە ئامرازە هەرە گرنگەکان بۆ گەڕان و ڕزگارکردن، گواستنەوەی لۆجستی و پاراستنی ئاسایشی دەریایی لە ناو سوپای ئەمریکادا دادەنرێت.
جێگیرکردنی فڕۆکە هەڵگری ئەبراهام لینکۆڵن لەم کاتەدا، ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ئامادەباشیی هێزەکانی ئەمریکا بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر جۆرە هەڕەشەیەک کە ڕووبەڕووی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا دەبێتەوە. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە بارگرژییە سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران گەیشتوونەتە ئاستێکی بەرز و واشنتۆن گەمارۆیەکی توندی دەریایی بەسەر گەرووی هورمزدا سەپاندووە.
چاودێرانی سەربازی ئاماژە بەوە دەکەن کە هەبوونی ئەم فڕۆکەهەڵگرە زەبەلاحە لە ئاوەکانی ناوچەکەدا، توانایەکی بێوێنە دەداتە سێنتکۆم بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاسمان و دەریای ناوچەکە و ئەنجامدانی هێرشی خێرا لە کاتی پێویستدا. ئەمە جگە لەوەی جێگیرکردنی ئەم هێزە گەورەیە وەک فشارێکی دەروونی و سەربازیی بەردەوام لەسەر تاران و گرووپە بریکارەکانی لە ناوچەکەدا دەبینرێت.
ئەم پەرەسەندنە هاوکاتە لەگەڵ هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخەکە، بەڵام جوولەی فڕۆکە هەڵگرەکان نیشانەی ئەوەیە کە واشنتۆن هێشتا بژاردەی سەربازیی وەک کارتی سەرەکی لە دەستدا هێشتووەتەوە.
سەرچاوە: کوردستان تیڤی