ئەمریکا بەشێک لە سزاکانی سەر ئێرانی هەڵگرت
وەزارەتی خەزێنەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئەمڕۆ پێنجشەممە (6ی ئابی 2026)، ڕایگەیاند کە ژمارەیەک لەو سزایانەی هەڵگرتووە کە پێشتر بەسەر کەسایەتی و قەوارە پەیوەندیدارەکان بە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا سەپێنرابوون.
هەرچەندە وەزارەتی خەزێنە وردەکاریی تەواوی ئەو ناوانەی بڵاونەکردووەتەوە کە سزاكانیان لەسەر لادراوە، بەڵام ئەم هەنگاوە وەک ئاماژەیەکی ئەرێنی لە لایەن واشنتنەوە دەبینرێت بۆ پێشخستنی پڕۆسەی گفتوگۆکان. ئەم بڕیارە تەنها چەند ڕۆژێک دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ڕایگەیاندبوو کە وڵاتەکەی لەگەڵ تاران لە دانوستاندایە و ئەوە "دوایین دەرفەتە" بۆ ئێران تاوەکو بگاتە ڕێککەوتن.
چاودێرانی سیاسی ئاماژە بەوە دەکەن، کە لادانی بەشێک لە سزاکان لەم کاتە هەستیارەدا، بەشێکە لە ستراتیژیی "گێزەر و دار"ی ئیدارەی ترەمپ؛ بە جۆرێک کە لە لایەک فشارە سەربازییەکان لە گەرووی هورمز بەردەوامن و لە لایەکی دیکەشەوە ئاسانکاریی دارایی و دیپلۆماسی وەک هاندانێک بۆ تاران پێشکەش دەکرێت تاوەکو پاشەکشە لە هەڕەشە دەریاییەکانی بکات.
دەستبەجێ دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی سووککردنی سزاکان، بازاڕەکانی وزە لە جیهاندا کاردانەوەیان نیشاندا و نرخی نەوت ڕووی لە دابەزینێکی ڕێژەیی کرد، ئەمەش دوای ئەوەی بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک لە سەروو 100 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک جێگیر ببوو. وەبەرهێنەران هیوادارن ئەم هەنگاوە ببێتە سەرەتایەک بۆ کردنەوەی تەواوەتیی گەرووی هورمز و ئاساییکردنەوەی هەناردەی وزە.
تاوەکو ئێستا بەرپرسانی ئێران هیچ کۆمێنتێکی فەرمییان لەسەر ئەم بڕیارەی وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا نەبووە. ناوچەکە بە وریاییەوە چاوەڕێی 24 کاتژمێری داهاتوو دەکات تاوەکو بزانرێت ئایا تاران لە بەرامبەر ئەم هەنگاوەی واشنتن، هیچ ئاسانکارییەک لە ڕێڕەوە ئاوییەکاندا ئەنجام دەدات یان نا.
سەرچاوە: کوردستان تیڤی