بەریتانیا ڕێنمایی بۆ هاووڵاتییانی دوو ڕەگەزنامە دەردەکات

وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا (Home Office) ئاگادارییەکی گرنگی بۆ ئەو هاووڵاتییانەی بەریتانیانە بڵاوکردەوە کە خاوەنی دوو ڕەگەزنامەن، تێیدا جەخت دەکاتەوە کە ئەم کەسانە ناتوانن بە ڕەگەزنامە دووەمەکەیان داوای "مۆڵەتی ئەلیکترۆنیی گەشت" (ETA) بکەن بۆ هاتنە ناو خاکی بەریتانیا.

ئاب 5, 2026 - 17:05
بەریتانیا ڕێنمایی بۆ هاووڵاتییانی دوو ڕەگەزنامە دەردەکات

بەپێی ڕێنماییە نوێیەکان، ئەو هاووڵاتییە بەریتانیانەی کە پاسپۆرتی وڵاتێکی دیکەشیان هەیە، بۆ گەشتکردن بەرەو شانشینی یەکگرتوو پێویستە تەنها پاسپۆرتێکی ڕەسەنی بەریتانی یان "بڕوانامەی شایستەیی" (Certificate of Entitlement) بەکاربهێنن. وەزارەت ئاماژەی بەوە کردووە کە بەکارهێنانی ڕەگەزنامەی دووەم بۆ وەرگرتنی ڤیزەی ئەلیکترۆنی (ETA) لە لایەن هاووڵاتییانی بەریتانییەوە، بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە.


وەزارەتی ناوخۆ هۆشداری دەدات کە کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی بەرپرسیارن لە پشکنینی بەڵگەنامەکان و پێش فڕین دڵنیا دەبنەوە لەوەی کە سەرنشینەکان مۆڵەتی فەرمیی گەشتکردنیان هەیە. هەر هاووڵاتییەکی بەریتانی ئەگەر پاسپۆرتە بەریتانییەکەی پێ نەبێت، ڕەنگە لە فڕۆکەخانەکاندا ڕووبەڕووی ئاستەنگ ببێتەوە و مۆڵەتی گەشتکردنی پێ نەدرێت.

ئەم ڕێکارە نوێیانەی حکوومەتی بەریتانیا بەشێکن لە هەوڵەکان بۆ ڕێکخستنەوەی سیستەمی کۆنتڕۆڵی سنوورەکان و بەدیجیتاڵکردنی مۆڵەتەکانی هاتنەژوورەوە. شارەزایانی یاسایی داوا لەو هاووڵاتییانە دەکەن کە دوو ڕەگەزنامەیان هەیە، پێشوەختە پلان بۆ گەشتەکانیان دابنێن و دڵنیا ببنەوە لەوەی پاسپۆرتە بەریتانییەکەیان بەسەر نەچووە تاوەکو لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ وڵات تووشی کێشە نەبن.
سەرچاوە: کوردستان تیڤی