نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە 76 دۆلار نزیک دەبێتەوە
دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێناسی گومرگیی بەسەر بەرهەمی ئاسن و ئەلەمینیۆمی هاوردەکراو، بازرگانانی نەوت بە وریاییەوە مامەڵەکانیان دەکەن.

نرخی نەوت ئەمڕۆ سێشەممە لە بازنەیەکی سنوورداردا مامەڵەی پێوە دەکرێت، بەجۆرێک نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 11 سەنت بەرزبووەوە گەیشتە 75 دۆلار و 98 سەنت. هەروەها نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 5 سەنت بەرزبووەوە و بە 72 دۆلار و 37 سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت. بەپێی شرۆڤەکاران؛ سەپاندنی پێناسی گومرگی بەسەر بەرهەمی هاوردەکراوی ئاسن و ئەلەمینیۆم، دەبێتە هۆی سەرهەڵدانەوەی شەڕی بازرگانی و بە ئەگەری زۆرەوە خواست بۆ نەوت کەمدەکاتەوە. پێناسە گومرگییە نوێیەکان دەتوانن کێشە بۆ هاوردەکردنی ملیۆنان تۆن ئاسن و ئەلەمینیۆم دروستبکەن کە ساڵانە لە کەنەدا، بەرازیل، مەکسیک و کۆریای باشوورەوە هەناردەی ئەمریکا دەکرێن.