جێگری سەرۆککۆماری ئێران: ئاسایشی تەنگەی هورمز بێ بەرامبەر نییە

جێگری یەکەمی سەرۆککۆماری ئێران لەبارەی بەردەوامیی گەمارۆی دەریایی ئێران هۆشداری دەداتە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دەڵێ، ئەگەر هەناردەکردنی نەوتی ئێران بە سنوورداری بمێنێتەوە، ئاسایشی تەنگەی هورمز مسۆگەر نابێت.

نیسان 20, 2026 - 10:56
جێگری سەرۆککۆماری ئێران: ئاسایشی تەنگەی هورمز بێ بەرامبەر نییە

رۆژی دووشەممە، 20ـی نیسانی 2026، محەممەدڕەزا عارف لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس لەبارەی سەپاندنی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بەسەر ئێراندا هۆشداری دا و رایگەیاند: "ناکرێ هەناردەکردنی نەوتی ئێران سنووردار بکرێ و چاوەڕوانی ئاسایشی بێبەرانبەر بۆ ئەوانی دیکە بکرێ." محەممەڕەزا عارف لە پەیامەکەیدا دەڵێت: "ئاسایشی تەنگەی هورمز بێ بەرامبەر نییە." جێگری یەکەمی سەرۆککۆماری ئێران باسی لەوەشکرد، جیهان لەبەردەم دوو بژاردەی روون و ئاشکرادایە و دەڵێت: "دەبێت بازاڕێکی ئازادی نەوت بۆ هەمووان هەبێت یان هەمووان رووبەڕووی ریسکی تێچوویەکی زۆر ببنەوە." لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، محەممەدڕەزا عارف باسی لە سەقامگیریی ئابووری جیهان کرد و ئاماژەی بەوە کرد: "سەقامگیریی نرخی سووتەمەنی لە جیهاندا بەندە بە کۆتاییهێنانێکی مسۆگەر و بەردەوام بە گوشارە ئابووری و سەربازییەکان بۆ سەر ئێران و هاوپەیمانەکانی." تەنگەی هورمز کە یەکێکە لە گرنگترین ڕێڕەوە ئاوییەکانی جیهان بۆ گواستنەوەی وزە، لە سەرەتای جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، لە لایەن ئێرانەوە داخراوە. لە بەرامبەردا ئەمریکا بە بڕیاری دۆناڵد ترەمپ لە ئێوارەی 13-04-2026ـەوە گەمارۆیەکی تووندی بەسەر کەشتی و بەندەرەکانی ئێراندا سەپاندووە و شەوی رابردووش هێزەکانی ئەمریکا دەستیان بەسەر کەشتییەکی بازرگانیی ئێراندا گرت، کە ویستبووی گەمارۆوەکە بشکێنێت.