رۆژی شەممە 11ـی تشرینی یەکەمی 2025، لە پارێزگای مێردینی باکووری کوردستان، یەکێتیی دیموکراسیی کۆنفرانسی "گەل، باوەڕ و ژیانی هاوبەشی دیموکراسی لە میزۆپۆتامیا"ـی بەڕێوەبرد.
نوێنەرانی زۆربەی پێکهاتە و دامەزراوەی مەدەنی بەشدارییان لە کۆنفرانسەکەدا کرد.
ئەحمەد تورک لە کۆنفرانسەکەدا گوتارێکی پێشکێشکرد؛ رووی دەمی لە حکومەتی تورکیا کرد و گوتی: "لەبری ئەوەی دەستەی تەحریر شام ببێتە دراوسێی تورکیا، با کورد ببێت، ئایا قیامەت هەڵدەستێت؟".
ئەحمەد تورک لە گوتاری کردنەوەی کۆنفرانسەکەدا ئاماژەی بەوە کرد، سیاسەتی دیموکراسییانە رۆژ بە رۆژ فراوانتر دەبێت و بابەتە نەتەوەییەکان لە بابەتە ئایدیۆلۆژییەکان جیاوازن.
ئەو سیاسەتڤانە کوردە گوتی: "ئێمە بە وریایی و پشوودرێژییەکی زۆرەوە بەدوای ئەم پڕۆسەیەدا دەچین. پێمانوایە گەیشتن بە کۆماری دیموکراسی بە هەوڵەکانی ئێمە دەبێتە راستی".
ئەحمەد تورک دەڵێت، کورد لە رۆژئاوای کوردستان بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆیان چەکیان هەڵگرتووە و پێویستە پارتە سیاسییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان خاوەندارێتی لە کوردانی رۆژئاوا بکەن.
سەرچاوە: ڕووداو