وەزیری ناوخۆی تورکیا لەبارەی خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە: ئیدی لەبری چەک، گفتوگۆ باڵادەست دەبێت
وەزیری ناوخۆی تورکیا لەبارەی بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و وازهێنانی خەباتی چەکداری لەلایەن پەکەکەوە دەڵێت، ''قۆناخێکی گرنگمان بڕیوە. ئیدی لە بری چەک، گفتوگۆ باڵادەست دەبێت''.

عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا شەوی دووشەممە، 12ی ئایاری 2025 لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، سەبارەت بە ئەنجام و بڕیارەکانی کۆنگرەی پەکەکە دەڵێت، ''لە ئامانجی تورکیایەکی بێ تیرۆردا قۆناخێکی گرنگمان بڕیوە. تورکیایەکی بێ تیرۆر، سەرکەوتنی برایەتی و ئاشتییە''.
یەرلیکایا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت: ''ئیدی لەبری چەک، گفتوگۆ باڵادەست دەبێت. لە بری ترس، ئومێد گەورە دەبێت. پشت بە خودا سەت ساڵەی تورکیا لەسەر بنچینەی ئاییندەیەکی تورکیایەکی بێ تیرۆردا بنیاد دەنێین''.
وەزیری ناوخۆی تورکیا پێیوایە، برایەتیی تورک و کورد، مێژوویێکی دێرینی هەیە؛ دەشڵێت، ''چەندین بەربەستمان بەیەکەوە بڕیون. هەر کێیەک ویستبێتی ئەم تەباییەمان تێکبدات، شکستی هێناوە و شکست دەهێنێت''.
رۆژی دووشەممە 12ی ئایاری 2025 پەکەکە، ئەنجامی کۆنگرەی 12ی خۆی راگەیاند، کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچوو. پەکەکە، بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری راگەیاند.
پارتی کرێکارانی کوردستان ساڵی 1978 لە باکووری کوردستان دامەزراوە، ساڵی 1982 لە کۆنگرەی دووەم دا بڕیاری چەکهەڵگرتنی دژی دەوڵەتی تورکیا پەسند کرد، لە ئابی 1984 یەکەم تەقەی لە دژی تورکیا کرد.
سەرچاوە: ڕووداو