لێدوانێکی ترەمپ نرخی لیرەی سووری بەرزدەکاتەوە
بەهۆی لێدوانێکی ترەمپەوە نرخی لیرەی سووری زیاتر لە 6٪ بەرزبووەوە و، هەر دۆلارێک بۆ نزیکەی 10 هەزار و 500 لیرە دابەزی.

بەرزبوونەوەکە لە ئێوارەی رۆژی دووشەممەوە دەستیپێکردووە، لە دیمەشقی پایتەخت نرخی هەر دۆلارێک لە زیاتر لە 12 هەزار لیرەوە بۆ 10 هەزار و 600 لیرە دابەزی. لە حەسەکەی رۆژئاوای کوردستانیش هەر دۆلارێک بە 11 هەزار لیرە مامەڵەی پێوە دەکرێت.
نرخی لیرە لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانیش بەرزبووەتەوە، هەر ملیۆنێک لیرە بەرامبەر بە 148 هەزار دینارە. پێشتر هەر ملیۆنێک لیرەی سووری بەرامبەر بە 130 هەزار دیناری عێراقی بوو.
بەرزبوونەوەی نرخی لیرە دوای ئەوە دێت کە رۆژی دووشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا، سەبارەت بە سزاکانی سەر سووریا گوتی، "دەبێت بڕیارێک لەبارەی سزاکان بدەین، کە دەکرێت زۆر بە باشی سووکیان بکەین." سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، "دەتوانین سزاکان لەسەر سوریا لابدەین، چونکە دەمانەوێت دەستپێکی نوێیان پێبدەین."
وەزارەتی دەرەوەی سووریاش رایگەیاند: "پێشوازی لە لێدوانەکانی سەرۆکی ئەمریکا دەکەین، کە باسی لە ئەگەری هەڵگرتنی سزا سەپێندراوەکانی سەر سووریای کرد. ئەمە بە هەنگاوێکی هاندەرانە دەزانین بۆ کۆتاییهێنان بە نەهامەتییەکانی گەلی سووریا."
هەرچەندە لەدوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە 8ـی کانوونی یەکەمی پارەوە نرخی لیرە دەستی بە بەرزبوونەوە کرد، بەڵام ئەو بەرزبوونەوەیە کورتخایەن بوو.
نرخی لیرە تاوەکو شوباتی ئەم ساڵیش لە بەرزبوونەوە و جێگیریدا بوو؛ ئەوکاتە هەر دۆلارێک بەرامبەر بە 8 هەزار لیرەی سووری بوو. بەڵام لەوکاتەوە نرخی لیرەی سووری بەردەوام و بە رێژەیەکی سنوورداری رۆژانە بەرامبەر بە دۆلار و دراوە بیانییەکانی دیکە لە دابەزین بووە.
رۆژی دووشەممە 5ـی ئەم مانگە، نرخی هەر دۆلارێک بەرامبەر بە 12 هەزار و 550 لیرەی سووری بوو. ئەمە نزمترین ئاستی نرخی لیرە بوو لەدوای کەوتنی بەشار ئەسەدەوە تۆمارکرابێت.
سەرچاوە: ڕووداو