رێگەی شەرع؛ لە جیهادەوە بۆ دەستگوشینی ترەمپ
ئەحمەد شەرع، ئەو سەرکردەیەی قاعیدە کە لە چەند رۆژێکدا تەختی بەشار ئەسەدی رووخاند، بووە سەرۆکی سووریا و لەگەڵ ترەمپ لە یەک ژووردا کۆبووەوە.

ئەم کۆبوونەوەیە سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ پیاوێک کە لە 2003 لە عێراق پەیوەندی بە قاعیدەوە کرد، چەندین ساڵی لە زیندانەکانی ئەمریکا بەسەربرد و دواتر گەڕایەوە سووریا.
چاوپێکەوتنی ئەو دوو سەرۆکە دوای ئەوە هات، دۆناڵد ترەمپ لە سەردانەکەی بۆ سعودیە، رایگەیاند سزاکانی سەر سووریا لادەبەن. ئەمە پاڵنەرێکی گەورەیە بۆ شەرع بۆ ئەوەی وڵاتەکەی بخاتەوە سەر رێڕەوی سەرکەوتن و بووژاندنەوەی ئابوورییە ئیفلیجەکەی. ترەمپ هەروەها گوتی، ئەو هیوادارە لەگەڵ دیمەشق پەیوەندییەکانی چاکبکاتەوە. دوای کۆبوونەوە لەگەڵ شەرع، ترەمپ بە فڕۆکە زەبەلاحەکەی بەرەو قەتەر بەڕێکەوت، لە ئاسمانەوە بە رۆژنامەڤانانی گوت: "ئەو (شەرع) توانای زۆرە، سەرکردەیەکی راستەقینەیە، گەنجە، سەرنجڕاکێشە و رابردوویەکی بەهێزی هەیە." ترەمپ لە وەسفی نەکەوت و گوتیشی: "دەرفەتی ئەوەی هەیە وڵاتەکە رێکبخاتەوە."
ئەحمەد شەرع کە ئەوکات بە ئەبو محەممەد جۆلانی ناسرابوو، سەرکردایەتیی گرووپی دەستەی تەحریری شامی کرد، لە ساڵی 2024 لە باکووری رۆژئاوای سووریا دەستیان بە راپەڕین و هێرشکرد و تاوەکو دیمەشق نەوەستان. شەرع فەرماندەی بەرەی نوسرە بوو، ساڵانێک بوو لە دژی ئەسەد دەجەنگا. لە ساڵی 2016 پەیوەندییەکانی لەگەڵ قاعیدە پچڕاند. لە کانوونی یەکەمی 2024 و لە دوای رووخانی ئەسەد، شەرع قات و بۆینباخی پۆشی، بووە سەرۆکی کاتیی سووریا و بەڵێنی هەڵاتنی خۆری سووریایەکی هەمەگر و دادپەروەری دا.
شەرع باسی یەکخستنەوەی سووریا، بووژاندنەوەی ئابووری، کۆکردنەوەی هێزە چەکدارەکان و دابینکردنی مافی هەموو پێکهاتەکانی کرد. تورکیا، سعودیە و قەتەر پشتیوانییەکی زۆریان لێکرد. گرووپە چەکدارەکان هێشتا لە سووریا بە تەواوی کۆنتڕۆڵنەکراون، بۆنی شەڕی تائیفی هەر دێت و سزا قورسەکانی رۆژئاواش خوێی زیاتریان بە برینی وڵاتەکەدا کردووە.
ئیسرائیل دەڵێت، شەرع هێشتا بۆچوونی جیهادیی هەیە، هێزەکانی لە باشووری سووریا بڵاوەپێکردووە. رۆژی 02-05-2025 ئیسرائیل نزیک کۆشکی سەرۆکایەتیی سووریای بۆردوومان کرد، ئەمەش هۆشدارییەک بوو کە هێزەکانی سووریا خۆیان لە باشوور نەدەن و دەستیش بۆ پێکهاتەی دروز نەبەن.
ئاڵنگارییەکانی سووریا لە مانگی ئادار زیاتر بوون، ئەمەش دوای ئەوەی دڵسۆزان و لایەنگرانی ئەسەد لە ناوچە کەناراوییەکانی وڵاتەکە لە باکووری رۆژئاوا، دەستیان بە هێرش و تۆڵەسەندنەوە کرد، لە بەرامبەردا هێزە ئەمنییەکان و گرووپەکانی سەر بە ئەوانیش وەڵامێکی تووندیان دایەوە و سەدان کەس لە پێکهاتەی عەلەویی وڵاتەکە کوژران. ترسی ئەوە بڵاوبوویەوە کە هێشتا رەگ و ریشەی جیهادی ماوە و حکومەتی نوێی سووریا هێشتا ماسکەکەی فڕێنەداوە، ئەمە سەرەڕای ئەو هەموو بەڵێنەی دران کە گیانی لێبووردەیی بەسەر رقدا زاڵ دەبێت و تاوانباران رووبەڕووی دادگە دەکرێنەوە.
بەشێکی زۆری سووریاییەکان پێیانوابوو حوکمی دەسەڵاتخوازی روو لە سووریا دەکاتەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی لە راگەیێنراوی دەستووریدا زۆربەی دەسەڵاتەکان بە سەرۆکی وڵات دران. یاسای شەرعی شەرع گوتی، سەرکەوتن بەسەر ئەسەددا لەلایەن خوداوە پێیان بەخشرا. لە چەند هەڤپەیڤینێک پرسیاری لێکرا، ئایا حوکمی ئیسلامی لە سووریا جێبەجێ دەکات، خۆی لە وەڵامەکە دەبوارد و دەیگوت، دەبێت شارەزایان وەڵامی ئەو پرسیارە بدەنەوە. شەرع باسی هەڵبژاردن و پەرلەمانیشی کرد، بەڵام گوتی چوار بۆ پێنج ساڵیان پێدەچێت. لە هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ میدیای بەریتانی کە لە کۆشکی سەرۆکایەتیی سووریادا کرا، شەرع خواستی خۆی بۆ هەڵدانەوەی لاپەڕەی ئەسەد دەربڕی و گوتی: "دڵم لەم کۆشکە دەگوشرێت. لە هەموو گۆشەیەکی ئەم کۆشکەوە چەندین کاری خراپەکاری بەرامبەر ئەم کۆمەڵگەیە کراوە و داڕێژراوە." ئەحمەد شەرع لە سعودیە لەدایکبووە، پێنج ساڵ لەوێ ژیاوە و دواتر لەگەڵ ماڵباتەکەی چووەتەوە سووریا. باوکی عەرەبێکی ناسیۆنالیست بووە، ئەمەش ئایدۆلۆژیایەکە کە لەگەڵ سیاسەتی ئیسلامیی ئێستای شەرع ناگونجێت. لە ساڵی 2021 شەرع هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ بەرنامەی فرۆنتڵاین کرد لە کەناڵی PBSـی ئەمریکی، گوتی بەو راپەڕینە فەلەستینییە کاریگەرە کە لە دژی ئیسرائیل لە ساڵی 2000ـەوە دەستیپێکرد. لەگەڵ دەستپێکی ئەو راپەڕینە شەرع لە عێراقەوە گەڕایەوە سووریا. ئەو لەلایەن ئەبو عومەر بەغدادی، ئەمیری ئەوکاتی موجاهیدینی ئەنجوومەنی شورا و داعش کە لەگەڵ قاعیدە لەژێر یەک چەتردابوون، نێردرایە سووریا بۆ ئەوەی لقی سووریای قاعیدە بەهێز بکات. ئەمریکا لە ساڵی 2013 شەرعی خستە لیستی "تیرۆر" و رایگەیاند، قاعیدەی عێراق ئەرکی ئەوەیان پێسپاردووە، حوکمی ئەسەد بڕووخێنێت و "حوکمی شەرعی لە سووریا دەستپێبکات." ئەمریکا گوتیشی: "بەرەی نوسرە هێرشی خۆکوژییان کردووە، چەندین سڤیلیان کوشتووە و دیدێکی تووندوتیژانەی تائیفییان دروستکردووە." شەرع یەکەم هەڤپەیڤینی میدیایی خۆی لە 2013 کرد، دەموچاوی بە پەڕۆکێک داپۆشرابوو، گوتی: "دەبێت سووریا بەگوێرەی شەریعەتی ئیسلام بەڕێوەببرێت." لە هەڤپەیڤینەکەی 2021، شەرع رووی لە کامێرا کرد، بە تیشێرت و چاکەتێکەوە دەرکەوت؛ گوتی، خرانە لیستی تیرۆر دادپەروەرانە نییە و ئەو دژی کوژرانی خەڵکی بێتاوانە. لەو بەرنامەیە، لەبارەی رووداوەکەی 11ـی سێپتەمبەری ئەمریکا پرسیاری لێکرا و شەرع گوتی: "هەر کەسێک لە جیهانی عەرەبی و ئیسلامی ئەگەر بڵێت بەو رووداوە دڵخۆش نەبووە، راست ناکات و درۆ دەکات، چونکە خەڵک هەستی بە نادادیی ئەمریکییەکان کرد کاتێک پشتیوانییان لە زایۆنییەکان و سیاسەتەکانی ئەوان کرد لە دژی موسڵمانان؛ هەروەها پشتگیرییان بۆ ستەمکارەکانی ناوچەکە؛ بەڵام بێگومان خەڵک کوژرانی کەسانی بێتاوانیان پێخۆش نییە."
سەرچاوە: ڕووداو