هونەرمەند محەممەد عەباس بارام لە تەمەنی 72 ساڵیدا کۆچی دواییکرد

هونەرمەند محەممەد عەباس بارام کە بە گۆرانیی "ئاگرێكی بێ خۆڵەمێش" ناوبانگی پەیداکرد، لە تەمەنی 72 ساڵیدا لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ئوردن کۆچی دواییکرد.

ئارەی 15, 2025 - 09:38
هونەرمەند محەممەد عەباس بارام لە تەمەنی 72 ساڵیدا کۆچی دواییکرد

نەریمان وەلید، هاوژینی هونەرمەند محەممەد عەباس خەڵکی ئوردەنە و بە رەچەڵەک فەڵەستینییە، هەواڵی کۆچی دوایی ئەو هونەرمەندە کوردەی بە رووداو راگەیاند و گوتی، کاژێر 5ـی بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 15ـی ئایاری 2025 لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ئوردن بە جەڵتەی دڵ کۆچی دواییکرد.

گوتیشی، هونەرمەند "نەخۆشی دڵ و شەکرەی هەبوو". ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لە بەریتانیا دەژین، بەڵام بە مەبەستی سەردانی ماڵی باوکی لە ئوردن بوون، چونکە ئەو خەڵکی ئوردەنە و ژیانی هاوژینیی لەگەڵ هونەرمەند محەممەد عەباس بارام پێکهێناوە.

 روونیشیکردەوە، پەیوەندی بە لایەنی پەیوەندار لە کوردستان کردووە، بۆ گواستنەوەی تەرمی بۆ کوردستان و بە خاک سپاردنی لە زێدی خۆی. هەروەها گوتی، بڕیار بوو دوای سەردانیان بۆ ئوردن، سەردانی کوردستانیش بکەن و چەند بەرهەمێکی ئامادە بوو بۆ تۆمارکردن.

 محەممەد عەباس بارام، ساڵی 1952 لە شاری كەركووك لە گەڕەكی مەلا عەبدوڵڵا لەدایكبووە، لە سەرەتای حەفتاكانی سەدەی رابردوو بە گۆرانیی 'كیژۆڵەی سوورە گوڵ' دەستی بە کاری هونەری، دواتر بە گۆرانیی "ئاگرێكی بێ خۆڵەمێش" و "توڕە مەبە لێم زیز" زیاتر ناوی دەرکردووە.