نرخی نەوتی برێنت بۆ نزیکەی 65 دۆلار دابەزی

نرخی نەوت ئەمڕۆ پێنجشەممە 1٪ لە بەهای خۆی لەدەستدا بەهۆی گەشبینی بە رێککەوتنی نێوان ئێران و ئەمریکا لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران.

ئارەی 15, 2025 - 09:41
نرخی نەوتی برێنت بۆ نزیکەی 65 دۆلار دابەزی

بەرزبوونەوەی قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا لەلایەکی دیکەوە، گوشاری بۆ نرخی نەوت هێناوە. بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 88 سەنت دابەزی و بە 65 دۆلار و 21 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 92 سەنت دابەزی و بە 62 دۆلار و 23 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. رۆژی چوارشەممەش هەر دوو نرخی نەوتی برێنت و سووکی تەکساس نزیکەی 0.8٪ دابەزینیان بەخۆوە بینی بوو. بەرپرسێکی ئێرانی بە تەلەڤیزیۆنی (سی ئێن بی سی) راگەیاند، "ئێران خوازیارە لەگەڵ ئەمریکا رێکبکەوێت لەبری لادانی گەمارۆ ئابوورییەکان."

 یوکی تاکاشیما، ئابووریناسی پلەبەرزی کۆمپانیای راوێژکاری ( نۆمۆرا) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "ئەگەری رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران، هۆکاری سەرەکیی دابەزینی نرخی نەوتە و دەتوانێت ببێتە هۆکار بۆ بێ کاریگەرکردنی گەمارۆ نوێیەکانی ئەمریکا لەسەر نەوتی ئەو وڵاتە و هاوکات دەبێتە هۆکار بۆ گەڕانەوەی هاوسەنگی لە بازاڕی نەوتدا."

 فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودیە رایگەیاندووە، وڵاتەکەی بە تەواوەتی پشتگیری لە دانوستاندنی نێوان ئەمریکا و ئێران دەکات.

 پەیمانگەی نەوتی ئەمریکا رایگەیاندووە، هەفتەی رابردوو قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا 4.3 ملیۆن بەرمیل زیادیکردووە.

سەرچاوە: ڕووداو