پاسداران: قسەکانی ترەمپ کاریگەری لەسەر گەلانی ئێران نابێت

فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران رایگەیاند، سەرۆکی ئەمریکا دەیەوێت خەڵکی ئێران لە شۆڕشی ئیسلامی و سیستم بێ هیوا بکات، "بەڵام هیچ کاریگەرییەکی لەسەر خەڵک نییە".

ئارەی 15, 2025 - 09:43
پاسداران: قسەکانی ترەمپ کاریگەری لەسەر گەلانی ئێران نابێت

چوارشەممە، 14ی ئایاری 2025، حوسێن سەلامی، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران لە کاردانەوەی لە بەرامبەر قسەکانی ترەمپ لە ریاز رایگەیاند، "ئەمڕۆ وڵاتەکەمان سەربەخۆیی سیاسیی بەدەستهێناوە و لەسەر رێگای سەربەخۆیی ئابوورییە، گوشار و گەمارۆکانیش وای لێنەکردین خۆمان رادەست بکەین".

 سەلامی گوتی: "وەک چۆن نەتەوەی ئێران لە بەرەکانی شەڕدا نەدۆڕاو و لەناونەچووە، لە مەیدانی دیپلۆماسیشدا شکست ناهێنێت".

رۆژی سێشەممە دۆناڵد ترەمپ لە گوتارەکەیدا لە کۆڕبەندی وەبەرهێنانی سعودیە و ئەمریکا لە ریاز گوتی: لە کاتێکدا ئێوە بیابانە وشکەکانتان کردووە بە خاکی بەپیت، سەرکردەکانی ئێران زەوییە سەوز و کشتوکاڵییەکانیان کردووەتە بیابانی وشک، چونکە گەندەڵن".

ترەمپ بە ئاماژە بە رێبەرانی کۆماری ئیسلامی گوتی: "پێیان دەڵێن مافیای ئاو؛ مافیای ئاو دەبێتە هۆی وشکەساڵی و وشکبوونەوەی رووبارەکان کە خەڵک ئاویان نییە".

دۆناڵد ترەمپ گوتیشی: لە کاتێکدا وڵاتانی عەرەبی سەرنجیان لەسەر بوون بە پایەی سەقامگیری ناوچەکە و بازرگانی جیهانییە، سەرکردەکانی ئێران سەرنجیان لەسەر دزینی سامانی گەلەکەیانە بۆ دابینکردنی بودجەی تیرۆر و خوێنڕشتن لە دەرەوەی وڵاتەکەیان". ئەوەش لە کاتێکدایە لە ئەمریکا و ئێران لە ماوەی مانگێکدا چوار جار دانوستاندنیان کردووە.

 ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا گومانیان هەیە ئێران سەرقاڵی پەرەپێدانی بۆمبی ئەتۆمی بێت، بەڵام تاران بەردەوام ئەو تۆمەتە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، تاکە ئامانجی بەرنامە ئەتۆمییەکەی، بەرهەمهێنانی کارەبا و لێکۆڵینەوەی پزیشکییە.

سەرچاوە: ڕووداو