لە رۆژی چوارشەممەوە نرخی زێڕ 120 دۆلار دابەزیوە

لە دوێنێ چوارشەممە تاوەکو ئەمرۆ، نرخی یەک ئۆنسە زێڕ 120 دۆلار دابەزیوە.

ئارەی 15, 2025 - 09:46
لە رۆژی چوارشەممەوە نرخی زێڕ 120 دۆلار دابەزیوە

هۆکاری دابەزینی نرخی زێڕ، ئەو هەستە ئەرێنییەیە کە لە دوای نزیکبوونەوەی چین و ئەمریکا لەسەر بابەتی پێناسە گومرکییەکان سەریهەڵداوە و بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی وەبەرهێنەران دووربکەونەوە لە کڕینی زێڕ.

نرخی یەک ئۆنسە زێڕ رۆژی پێنجشەممە، لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا 60 دۆلاری دیکەی لەدەستدا و بەوپێیەش کۆی دابەزینەکانی لە رۆژی چوارشەممەوە تاوەکو بەرەبەیانیی رۆژی پێنجشەممە بۆ نزیکەی 120 دۆلار بەرزکردەوە.

 نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بەتەنیا لە رۆژی چوارشەممە نزیکەی 80 دۆلار دابەزی. دابەزینە 60 دۆلارییەکەی ئەمرۆش، نرخی زێڕی داڕماندووە بۆ کەمترین ئاستی 5 هەفتەی رابردووی خۆی. یەک ئۆنسە زێڕ رۆژی پێنجشەممە بەنزیکەی 3140 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.

 فواد رەزاقزادە، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان سەر بە سیتی ئێندێکس لەوبارەیەوە رایگەیاند، "هەرچەندە لە درێژخایەندا ئاراستەی نرخی زێڕ بەرەو بەرزبوونەوەیە، بەڵام سەیر نییە کە لە چەند رۆژی داهاتووشدا نرخی زێڕ بەردەوام بێت لە دابەزینی زیاتر."

 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە، "دوور نییە خۆی راستەوخۆ لەسەر وردەکاریی پێناسە گومرکییەکان لەگەڵ سەرۆکی چین بکەوێتە گفتوگۆ."

 ئەمریکا و چین رێککەوتوون، بۆ ماوەی 90 رۆژ پێناسە گومرکییەکانیان لەسەر کاڵای بەرامبەر بەڕێژەی 115٪ دابەزێنن.

سەرچاوە: ڕووداو