خانمی یەکەمی فەرەنسا لەبەردەم کامێرا پاڵ بە ماکرۆنەوە دەنێت و ئیلیزێ روونکردنەوە دەدات
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا لەلایەن هاوژینەکەیەوە جووڵەیەکی لە بەرامبەر کرا، کە ئیلیزێ ناچار بوو روونکردنەوەی لەسەر بدات.

ماکرۆن و بریجیتی هاوژینی، رۆژی یەکشەممە گەیشتنە ڤیێتنام. لە فڕۆکەخانەی هانۆی، دەرگای فڕۆکەکە کرایەوە و چاوی کامێراکانی لەسەر بوو. ماکرۆن لەبەر دەرگاکە وەستا و چاوەڕێی چوونەدەرەوەی کرد. لەو کاتەدا بریجیتی هاوژینی، دەستی درێژ کرد و پاڵێکی بە رووخساری ماکرۆنەوە نا.
ماکرۆن حەپەساو دەرکەوت، سەیری لای کامێرای رۆژنامەڤانانی کرد، دەستی راستی بۆ سڵاوکردن بەرزکردەوە و رووی کردەوە لای خانمی یەکەمی فەرەنسا، کە لە ڤیدیۆکەدا تەنیا دەستی دیارە.
ڤیدیۆکە خێرا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە و ئەوانەی رەخنەگری سەرسەختی ماکرۆنن، تۆمەتباریان کرد بەوەی لەلایەن خانمی یەکەمی فەرەنساوە لێی دراوە.
سەرەتا نووسینگەی ماکرۆن رەتیکردەوە ڤیدیۆکە راستەقینە بێت، بەڵام دواتر پشتڕاست بووەوە کە لە دیمەنی راستەوخۆدا دیمەنەکە تۆمارکراوە. دواتر کەسێکی نزیک لە سەرۆککۆماری فەرەنسا گوتی، ئەوەی روویداوە شتێکی ئەوتۆ نەبووە، بەڵکو "دەمەقاڵێ"یەکی بێ تووندوتیژی بووە. سەرچاوەیەکی دیکە لە ئیلیزێ لە بایەخی رووداوەکەی کەمکردەوە و گوتی، "سەرۆک و هاوژینەکەی لەو ساتەدا هەوڵیاندا بە گاڵتەکردن لەگەڵ یەکدی گوشارەکە لەسەر خۆیان کەم بکەنەوە. ئێستا کاتی ئەوەیە پێکەوە بین. هیچ پێویستمان بەوە نییە ئاشی هەڵگرانی بیرۆدزی پیلانگێڕی خۆش بکەین."
ئەو سەرچاوەیە هەژمارەکانی لایەنگری رووسیای لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تۆمەتبار کرد بەوەی شتەکەیان گەورە کردووە.
ڤیێتنام یەکەمین وێستگەی گەشتێکی یەک هەفتەیی ماکرۆنە بۆ باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا.
سەرۆککۆماری فەرەنسا هەوڵ دەدات ئەو وڵاتانە رازی بکات بەوەی پاریس دەتوانێت لەبری واشنتن و پەکین ببێتە هاوپەیمانێکی متمانەپێکراو. بڕیارە ماکرۆن سەردانی ئیندۆنیزیا و سینگاپووریش بکات.
سەرچاوە: ڕووداو