زێڕ گەیشتە بەرزترین ئاستی مێژوو؛ مسقاڵێک 723 هەزار دینارە

نرخی ئۆنسەیەک زێڕ 3 هەزار و 600 دۆلاری تێپەڕاند. جێگری سەرۆکی سەندیکای زێڕنگرانی هەولێر دەڵێت، بەرزترین نرخی مێژووە.

ايلول 8, 2025 - 13:30
زێڕ گەیشتە بەرزترین ئاستی مێژوو؛ مسقاڵێک 723 هەزار دینارە
ئەمڕۆ دووشەممە، دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ 3 هەزار و 610 دۆلاری تێپەڕاند.
 
عەبدوڵڵا ئەکرەم، جێگری سەرۆکی سەندیکای زێڕنگرانی هەولێر ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نرخی ئۆنسە لە بەرزترینی مێژوویدایە. ئەمڕۆ مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 لە هەرێمی کوردستان بە 723 هەزار دینار دەفرۆشرێ".
 
جێگری سەرۆکی سەندیکای زێڕنگرانی هەولێر دەڵێت: "ئەمڕۆ مسقاڵێک زێڕی عەیار 22 بە 757 هەزار دینارە و عەیار 18ش بە 620 هەزار دینارە".
 
ئەو نرخەی سەندیکای زێڕنگران دیاریکردووە بەبێ حەقدەستە. عەبدوڵڵا ئەکرەم دەڵێت: "نرخی حەقدەستی زێڕی عێراقی مسقاڵی 25 هەزار دینارە و کەمترینە؛ زێڕی ئیتاڵی زۆرترین حەقدەستی هەیە و بۆ مسقاڵێک دەگاتە نزیکەی 150 هەزار دینار، بەدوای ئەویشدا زێڕی تورکی و کەنداو هەن".
 
کایل رۆدا، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (کاپیتاڵ دۆت کۆم) لەو بارەیەوە رایگەیاند: "هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ ئامارەکانی بازاڕی کاری ئەمریکایە کە چاوەڕوانی دروستکردووە بانکی ناوەندی رێژەی سوودی بانکی 50 خاڵ دابەزێنێت."
 
رۆدا دەڵێت: "هەموو هۆکارەکان ئاماژە بە بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی زێڕ دەکەن، بەتایبەتی ئەگەر هاتوو هەڵاوسان دابەزێ کە دەبێتەهۆکار بۆ ئەوەی نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بتوانێ خۆی لە 3600 دۆلار بداتەوە".

 سەرچاوە: ڕووداو