سێ کوڕە موسڵمانەکە بەربژێری سەرەکی بردنەوەی باڵۆندۆرن

عوسمان دێمبێلی، محەممەد سەڵاح و لامین یامال لەم وەرزەدا کاریگەرییەکی بەهێزیان لەسەر تۆپی پێی ئەورووپا دروستکردووە، نەک تەنیا بەهۆی پێشەنگیی یانەکانیان لەسەر ئاستی ناوخۆیی و کیشوەری، بەڵکو بەهۆی لێهاتوویی و ئەو ئاستە بەرزەی پێشکەشی دەکەن، کە بە سێ بەهێزترین بەربژێری باڵۆندۆر دادەنرێن.

ئارەی 15, 2025 - 13:41
سێ کوڕە موسڵمانەکە بەربژێری سەرەکی بردنەوەی باڵۆندۆرن

 ئەمساڵ سێ یاریزانی موسڵمان بۆ یەکەمجار لە مێژووی باڵۆندۆردا، لە پێشەنگی لیستی بەربژێران دەبن بۆ بەدەستهێنانی بەناوبانگترین خەڵاتی تاکەکەسی لە بواری وەرزشدا. بڕیارە بەم زووانە گۆڤاری فرانس فوتبۆڵ وادەی ئاهەنگی فەرمی براوەی داهاتووی باڵۆندۆر رابگەیەنێت، کە وەک هەمیشە لە هۆڵی شاتێل لە پاریس لە دوایین هەفتەی مانگی دەی 2025 بەڕێوەدەچێت.

 یامال: ئایکۆنی نوێی تۆپی پێ

ئەستێرەی گەنجی بارسێلۆنا و یەکێک لە ئایکۆنە نوێیەکانی یارییەکە، لامین یامال، لەم وەرزەدا لەگەڵ یانە کەتەلۆنییەکە ئیلهامبەخش بووە و لە مانگی یەکی ساڵی 2025 سەرکردایەتی تیپەکەی کرد بۆ بردنەوەی نازناوی جامی سوپەری ئیسپانیا. دوای چوار مانگ، یامال نازناوی جامی شای لەگەڵ یانەی کەتەلۆنی بەدەستهێنا دوای ئەوەی لە یاریی کۆتاییدا بەئەنجامی 3-2 لە ریال مەدریدی بردەوە.

 یامال لە رێگایە بۆ ئەوەی بارسێلۆنا بکاتە براوەی نازناوی خولی ئیسپانی (ئەگەر ئەمڕۆ بارسێلۆنا لە ئیسپانیۆل بباتەوە راستەوخۆ دەبێتە پاڵەوانی لالیگا)، ئەو رۆڵێکی سەرەکی بینی دوای ئەوەی بەشداریی لە سەرکەوتنی تیپەکەی کرد لە یارییەکەی یەکشەممەی رابردووی کلاسیکۆ بەرامبەر ریال مەدرید بەئەنجامی 4-3.

ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی لە مانگی رەمەزاندا لە سۆشیال میدیادا بڵاوبوونەوە دەریانخست کە کە لامین یامال بەڕۆژوو دەبێت. ئەوەش وایکرد ژمارەی هەوادارنی لە جیهانی ئیسلامیدا زۆر زیاد بکات.

 سەڵاح ژمارەی پێوانەیی زیاتر دەشکێنێت

دووەم ئەستێرەی موسڵمان کە بەمتمانەوە بەرەو بردنەوەی خەڵاتی باڵۆندۆری 2025 هەنگاو دەنێت، ئەفسانەی لیڤەرپوولە محەممەد سەڵاح، ئەستێرەی تۆپی پێی میسری کە لە وەرزێکی دیکەی سەرسوڕهێنەردا بۆ سەڵاح و تیپەکەی سەرکردایەتی یانەی درێس سوورەکانی کرد بۆ بردنەوەی نازناوێکی دیکەی خولی نایابی ئینگلیزی. سەرەڕای ئەوەی لەلایەن یانەی پاریس سانجێرمانەوە لە قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ دوورخرایەوە، بەڵام سەڵاح هێشتا یەکێکە لە پێشەنگەکانی بەدەستهێنانی خەڵاتەکە، کە گۆڤاری فرانس فوتبۆڵ پێشکەشی دەکات. جگە لەوەی سەرکردایەتی لیڤەرپوولی کرد بۆ بردنەوەی نازناوی پرێمەرلیگ، سەڵاح بە تۆمارکردنی 28 گۆڵ پێشەنگی ریزبەندیی گۆڵکارانی پرێمەرلیگی گرتووە.

 محەممەد سەڵاح، کە گرێبەستەکەی تاوەکو مانگی حوزەیرانی 2027 درێژکردووەتەوە، هەرگیز خەڵاتی باڵۆندۆری بەدەستنەهێناوە، ئەرکی ئەمساڵیشی هیچ کارێکی ئاسان نابێت. بەڵام بەشداریکردنی وەک یاریزانێکی موسڵمان لەنێو بەربژێرانی سەرەکیدا دەستکەوتێکی بەرچاوە، بە لەبەرچاوگرتنی ئاستە بەردەوامەکانی لە خولی نایابی ئینگلیزیدا. جگە لەوەی لەم وەرزەدا لەگەڵ لیڤەرپوول درەوشاوەتەوە، چاوەڕوان دەکرێت محەممەد سەڵاح سەرکردایەتی هەڵبژاردەی میسر بکات بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2026 لە ئەمریکا و بەدەستهێنانی سەرکەوتنێکی دیکە بۆ پێکهاتەی فیرعەونەکان.

چوارینەی مێژوویی بۆ دێمبێلێ

 ئەو ئەستێرەیەی کە زۆرترین ئەگەری بەدەستهێنانی خەڵاتی باڵۆندۆری هەیە، بێ گومان عوسمان دێمبێلی گۆڵکاری یانەی پاریس سانجێرمان و خولی فەرەنسا، کە لەم وەرزەدا سەرکردایەتی تیپەکەی کرد بۆ بەدەستهێنانی نازناوی خولەکە. نەک هەر ئەوە، بەڵکو ئەستێرە موسڵمانە تەمەن 27 ساڵەکە لە 31ـی ئایاردا مێژوو تۆمار دەکات کاتێک لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ لە یاریگای ئەلیانز ئارێنا لە میونشن، لەنێوان پاریس سانجێرمان و ئینتەرمیلان بەشداری دەکات.

ئەگەر نازناوەکە بەدەستبهێنێت و پێش ئەوەش جامی فەرەنسا بەدەستبهێنێت (پاریس سانجێرمان لە 24ـی ئایار یاریی کۆتایی بەرامبەر رێمس ئەنجام دەدات)، ئەستێرەی پێشووی بارسێلۆنا نزیکەی بەدڵنیاییەوە خەڵاتی باڵدۆندۆر لە پاریس بەدەستدەهێنێت. دێمبێلی هاوشێوەی سەڵاح و لامین یامال یاریزانێکە درێخی ناکات لە نیشاندانی پابەندبوونی خۆی بە ئیسلامەوە.

یاریزانەکە لە چەندین حاڵەتدا بینراوە کە پابەندبوونی بە ئایینی خۆیەوە نیشانداوە، وەک رۆژووگرتن لە مانگی رەمەزاندا، ئەنجامدانی عە'مرە، یان ئەنجامدانی کاری خێرخوازی لە بۆنە ئاینییەکاندا.

دێمبێلی لەم وەرزەدا 45 یاری ئەنجامداوە و 32 گۆڵی تۆمارکردووە و 11 ئەسیستیشی لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان هەیە. پێدەچێت لەم وەرزەدا لەگەڵ یانە و وڵاتەکەیدا چوار نازناوی مێژوویی بەدەستبهێنێت.

سەرچاوە: ڕووداو