سەرۆک بارزانی: ئەو مامەڵەیەی بەغدا لەگەڵ مووچەخۆران دەیکات جێگەی قبووڵ نییە
سەرۆک بارزانی لەبارەی دۆخی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و مامەڵەی بەغدا لەگەڵیان رایگەیاند: "ئەو مامەڵەیەی بەغدا لە مانگەکانی رابردوو لەگەڵ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کردوویەتی، جێگەی قبووڵ نییە."

رۆژی پێنجشەممە، 15ـی ئایاری 2025 سەرۆک مەسعود بارزانی لە (کۆنگرەی یەکگرتن) کە تێیدا هەردوو رێکخراوی قوتابییان و لاوانی پارتی دیموکراتی کوردستان یەکدەگرنەوە، گوتارێکی گشتگیری پێشکێش کرد.
لە تەوەرێکی گوتارەکەی کە پرسی مووچە و مامەڵەی بەغدا لەگەڵ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بوو، رایگەیاند: "وایانلێکردووە، وا دەزانرێت خەبات و تێکۆشانی ئەم میللەتە، ئەو هەموو ساڵە، ئەو هەموو سەرکردە و شەهیدە بۆ داواکردنی مووچە بووە." گوتیشی. ئەگەر "خەبات بۆ مووچە بووبێت، دەوڵەتانی پێشووتر دەستیان ماچ دەکردین."
لەبارەی هۆکاری مامەڵەی بەغدا بەو جۆرە لەگەڵ مووچەخۆران سەرۆک مەسعود بارزانی دەڵێت: "بەرێنمایی لایەنی نێوخۆیی بووە." هەروەها هۆشداری دایە بەغدا کە "ئەو مامەڵەی لە مانگەکانی پێشوو لەگەڵ مووچەخۆران کردوویانە، بەهیچ شێوەیەک جێگەی قبووڵ نییە."
سەرۆک بارزانی دەڵێت، "بەغدا دەبێت مامەڵە شەرعییەتی هەرێمی کوردستان بکات، لە ئۆکتۆبەری رابردوو هەڵبژاردن کرا و سەنگی هەموو لایەکی پێشاندا." مامەڵەکردنی بەغدا لەگەڵ "[ئەو لایەنە نێوخۆییانە]، پێچەوانەی دەستوور و فیدراڵییەتە. پێویستە ئەوان مامەڵە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەن." بە گوتەی سەرۆک بارزانی "مامەڵەی بەغدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان فیدراڵی نییە" و دەڵێت: "ئەگەر فیدراڵی نەماوە، باپێمان بڵێن، چونکە ئەو مامەڵەی ئێستا لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکرێت، مامەڵەکردنی فیدراڵییەت نییە."
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا سەرۆک بارزانی جەختیکردەوە کە "نابێت دەستوەردان لە دەستوور بکرێت، ئەگەر هەرێمی کوردستان کێشەیەکی هەیە، پەرلەمانی کوردستان هەیە، با ئەوان لێپێچینەوە لە حکومەت بکات."
سەرۆک بارزانی پرسی مووچە و مامەڵەی بەغدا بە "سووکایەتی بۆ خوێنی شەهیدان" ناودەبات و دەڵێت: "ئەم میللەتە لە برسان شۆڕشی نەکردووە. ئەگەر کەرامەت و ئیرادە هەبێت، هەموو کاتێک پارە دەبێت، بەڵام ئەگەر ئەوانە نەمان، پارە چ قیمەتی هەیە؟" سەرۆک بارزانی دووپاتیدەکاتەوە کە دەبێت کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکرێت و دەڵێت: "ئێمە دەرۆزەچی نین لەبەردەم دەرگەی ئەوان. ئەوانەشی هەموو ئامانجیان پارەیە، با بچنە لای ئەوان، ئەو کەسانەشی کەرامەت ئیرادەیان لامەبەستە، پاراستنی مێژووی شەهیدانی کوردستانیان لە مەبەستە، بڕیاری خۆیان دەدەن."
سەرۆک بارزانی جارێکی دیکە جەخت لە "نیازپاکی" هەرێمی کوردستان لە بەغدا دەکاتەوە و دەڵێت: "ئەوانەی ئێستا لەسەر حوکم لە بەغدا، پێم وابوو لە غیابی ئێمە، پارێزگاری لە مافەکانمان بکەن، چونکە زۆر نان و نمەکمان پێکەوە بوو، نەوەکو بێن نانی کەسوکاری ئەنفال و کیمیاباران ببڕن. ئەمە لای من جێی سەرسووڕمان بوو."
سەرۆک بارزانی پەیام بۆ عێراق دەنێرێت و ئاماژە بەوە دەکات: "مادام ئەوان ئەو مامەڵەیە دەکەن، ئێمەش داکۆکی لە مافی ئەو کەسانە دەکەین و دەبێت قەرەبووی هەموو کەسوکارانی ئەنفال، کیمابارانی میللەت و قەرەبووی ئەو 4500 گوندە بکەن."
سەرۆک بارزانی لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەی گوتی: "وا مامەڵە دەکرێت کە کورد جەستەیەکی بێگانەیە لەم وڵاتەدا." ئەم گوتانەی سەرۆک بارزانی لە کاتێکدایە، بەغدا لە سێ مانگی رابردوو هیچ کات لە کاتی خۆیدا پارەی بۆ مووچەی لە کاتی خۆیدا نەناردووە بە جۆرێک: مووچەی مانگی دوو لە 12-03-2025 نێردراوە، هاوکات مووچەی مانگی ئادار لە 26-03 و مووچەی مانگی نیسانیش دوای نزیکەی 50 رۆژ رەوانە کراوە.
بیانووی حکومەتی عێراق بۆ دواخستنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەپێی مانگەکان جیاواز بوون. لە کاتێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختیکردووەتەوە کە لەلایەن ئەوانەوە "لیست بەبێ کەموکورتی" رەوانەی بەغدا کراوە.
سەرچاوە: ڕووداو