فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دژی پێنەدانی مووچە لە دادگەی فیدراڵی سکاڵا تۆمار دەکەن

فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە دژی پێنەدانی مووچە لە دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق سکاڵایان تۆمارکرد. دادگەکە دەڵێت، لە نزیکترین کات بڕیار دەدەن.

حوزەیری 1, 2025 - 14:20
فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دژی پێنەدانی مووچە لە دادگەی فیدراڵی سکاڵا تۆمار دەکەن

بەگوێرەی راگەیێندراوی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە، یەکی حوزەیرانی 2025، فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە دادگەکە سکاڵایان تۆمارکردووە. داوای بەردەوامبوونی خەرجکردنی مووچە لەوادەی دیاریکراوی خۆیدا دەکەن.

 فەرمانبەران بۆ ئەو داوایەیان پشتیان بەستووە بە بڕیاری دادگەی فیدراڵی بە ژمارە 224 و یەکخراو بە ژمارە 269ـی فیدراڵی 2023 لە 21-2-2024. فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە سکاڵاکەیاندا، داوا دەکەن دادگە فەرمان سالارییەک دەربکات و وەزارەتی دارایی فیدراڵی پابەند بکات بە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارەی دادگەی فیدراڵی کە تێیدا هەریەک لە سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکوەزیران هەرێمی کوردستان پابەند دەکات مووچەی سەرجەم کارمەندان بەجێ (تەوتین) بکەن.

سکاڵاکە لە دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق بە ژمارە (104/ فیدراڵی/2025) تۆمارکراوە و دادگەی باڵای فیدراڵی دەڵێت، "لە نزیکترین کات بڕیار لەبارەی داواکارییەکە دەدات بۆ دەرکردنی فەرمان سالارییەکە." ئەگەر دادگە بڕیاری سالاریی بدات، ئەوا وەکو هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لە بەغدا دەڵێت، نووسراوەکانی وەزارەتی دارایی عێراق کاریان پێناکرێت و دەبێت راستەوخۆ دەست بە خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکرێت.

چوارشەممەی هەفتەی رابردوو 28-5-2025 تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق نووسراوێکی ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و تێیدا هاتبوو کە وەزارەت ناتوانێ لە ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام بێ، بەهۆی "تێپەڕاندنی پشکەکەی (12.67%) کە لە یاسای بودجەی فیدراڵیدا دیاریکراوە."

 رۆژی 29-5-2025 وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بە زمانی عەرەبی وەک وەڵامێک بۆ تەیف سامی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتبوو: "ئەو رێڕەوەی وەزارەتەکەتان گرتوویەتییەبەر لە دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان پێچەوانەی دەستووری عێراقە؛ دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان دەبێت پشت بە داهاتە فیدراڵییە کۆکراوەکان ببەستێت نەک خەرجیی کردەیی".

سەرچاوە: ڕووداو