وەزارەتی نەوتی عێراق: رێکارەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان تەواو بوون
وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، رێکارەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە تەواو بوون، داواش لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان دەکات، ئەو بڕە بەرهەمەی کێڵگە کاراکان بۆ کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت بنێرێت، بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن.

ئەمڕۆ (شەممە، 22ـی شوباتی 2025) وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، "رێکارەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە تەواو بوون، دەستپێکردنەوەشی بەپێی میکانیزمەکانی یاسای بودجە و هەموارەکەی، هەروەها لە چوارچێوەی ئاستی بەرهەمهێنانی دیاریکراو بۆ عێراق لە رێکخراوی ئۆپیک بوو." وەزارەتی نەوتی عێراق داوا لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان دەکات، "ئەو بڕە بەرهەمەی کێڵگە کاراکان بۆ کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت بنێرێت، بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن لە رێگەی بۆری عێراق - تورکیا و بەندەری جەیهان، بەپێی گرێبەستی واژۆکراو لەگەڵ کۆمپانیا پاڵێوراوەکان." لە ئاداری 2023ـەوە، هەناردەی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێمی کوردستان و 75 هەزاری دیکەی کەرکووک لە رێگەی بۆرییەکەوە وەستا، ئەوەش دوای بڕیارێکی دادگەیەکی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس لەبەرژەوەندیی حکومەتی فیدرالیی عێراق، کاتێک رایگەیاند، تورکیا رێککەوتنێکی ساڵی 1973ـی پێشێلکردووە، چونکە لە ساڵی 2014ـەوە رێگەی بە فرۆشتنی سەربەخۆیانەی نەوتی هەرێمی کوردستان داوە، بێ ئەوەی رەزامەندی لە بەغدا وەربگرێت. پەرلەمانى عێراق، رۆژی دووى شوباتى 2025، یەکەم هەموارى یاسای بودجەى سێ ساڵی عێراقى پەسندکرد، هەموارەکە بڕگەى (ج) لە بەندى یەکەمى مادەى 12ـى یاساکەى هەڵوەشاندەوە و داڕشتەیەکى نوێى جێگیر کرد. رۆژی 18ـی شوباتی 2025، هەموارى یاسای بودجەى گشتى عێراق لە رۆژنامەى وەقائعیى عێراقى بڵاوکرایەوە و بەوەش بەفەرمى کەوتە وارى جێبەجێکردنەوە. هەموارەکەی تایبەت بە بەرهەمهێنان، گواستنەوە و رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، کە 16 دۆلاری وەکو تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەى بەرمیلێک نەوت دیاریکردووە. تاوەکو ئەو کاتەى لایەنێکى نێودەوڵەتیی راوێژکاری لە ماوەی 60 رۆژدا نرخێکى خەمڵێندراو دیاری دەکات. سەرچاوە: ڕووداو