پەیامی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، لە یادی ڕۆژنامەی کوردستاندا

نیسان 22, 2026 - 11:25
پەیامی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، لە یادی ڕۆژنامەی کوردستاندا

‏یادی 128 ساڵەی دەرچوونی ڕۆژنامەی (کوردستان) لەلایەن میر میقداد میدحەت بەدرخانەوە و 28 ساڵەی دامەزراندنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، بە گەرمی لە هەموو ڕۆژنامەنووسان و میدیاکارانی کوردستان پیرۆز دەکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.

‏لەم بۆنەیەدا، جارێکی دیکە جەخت لە پابەندیی نەگۆڕمان بە پاراستنی ئازادیی ڕۆژنامەگەری و ڕادەربڕین دەکەینەوە وەک بنەمایەکی سەرەکیی دیموکراسی و کۆمەڵگه‌یه‌کی مه‌ده‌نیی پێشکەوتوو. 

‏بەردەوام دەبین لە کارکردن بۆ فەراهەمکردنی ژینگەیەکی گونجاو و دوور لە هەر کۆتوبەندێک بۆ کاری میدیایی، بە جۆرێک کە مافی دەستگەیشتن بە زانیاری مسۆگەر بێت و پارێزبەندیی پیشەیی بۆ ڕۆژنامەنووسان دابین بکات.

‏ڕۆژنامەگەریی ئازاد و بوێر، هاوبەشێکی کاریگەری بنیاتنانی حکومڕانییەکی باش و دادپەروەره‌، بۆیە داوا لە ڕۆژنامەنووسان دەکەم بەوپه‌ڕی ڕاستگۆیی و پیشەگه‌رانە، بەرژەوەندیی گشتی و ئاشتیی کۆمەڵایەتی بپارێزن و ڕۆڵی خۆیان لە چەسپاندنی کولتووری پێکەوەژیان، یه‌کترقبووڵکردن و لێبوردەییدا بگێڕن و بره‌و به‌ گیانی نیشتمانپه‌روه‌ری و خۆشه‌ویستیی وڵات بده‌ن.

‏سڵاو لە یاد و گیانی شەهیدانی ڕۆژنامەگەری و هەموو ئەو پێشەنگانەی تەمەنی خۆیان بۆ خزمەتی وشەی ئازاد تەرخان کرد.