سەرۆککۆماری عێراق سەردانی هەڵەبجە دەکات

لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق رۆژی چوارشەممە سەردانی پارێزگای هەڵەبجە دەکات. نوێنەرێکی پارێزگاکە لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، بۆ پیرۆزبایی بە پارێزگاکاکردنی هەڵەبجە دێت.

تەمووزی 23, 2025 - 00:56
سەرۆککۆماری عێراق سەردانی هەڵەبجە دەکات

چرۆ حەمەشەریف، نوێنەری پارێزگای هەڵەبجە لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە 22ی تەمموزی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: کاژێر 11ی پێشنیوەڕۆی سبەی چوارشەممە لە مۆنۆمێنتی هەڵەبجە پێشوازی لە سەرۆککۆمار دەکەن، دواتر تاجەگوڵینە لەسەر مەزاری شەهیدان دادەنێت و بەرەو پارێزگا بەڕێدەکەوێت و لەوێ دیدار و کۆبوونەوەی دەبێت.

 چرۆ حەمەشەریف، ئاماژەی بەوەکرد، ئامانجی سەرەکی سەردانەکەی سەرۆککۆمار بۆ پیرۆزباییکردنە لە خەڵکی هەڵەبجە بەبۆنەی بوونە پارێزگا، بەتایبەتی ئەمڕۆش دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق سکاڵای دژی بە پارێزگاکردنی هەڵەبجەی رەتکردەوە.

ئەمڕۆ دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆی بڵاویكردەوە، کە دوو سكاڵای پەیوەندیداری بە یاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەی رەتكردووەتەوە، کە سکاڵاکارەکان داوای بە نادەستووری دانانی یاساکەیان کردبوو.

رۆژی 14ـی نیسانی 2025، پەرلەمانی عێراق، بە ئامادەبوونى 187 ئەندام پرۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەی پەسندکرد. رۆژی 29ی نیسانی 2025، سەرۆککۆمار واژۆی لەسەر یاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە کرد.

 لە ساڵی 2013 نێچیرڤان بارزانی، پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەی پێشکێشی نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی عێراق کرد و لە ئەنجوومەنی وەزیران پەسندکرا. 10 ساڵ دواتر و لە کابینەی محەممەد شیاع سوودانی، پڕۆژەیاسایەکی چوار مادەیی رەوانەی پەرلەمانی عێراق کرا. حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 13-03-2014ـەوە بڕیاری بە پارێزگاکردنی هەڵەبجەی دەرکرد.

سەرچاوە: ڕووداو