بنیاتنەری پردە دیپلۆماسییەکان
محمد فائق
ئەگەر بۆ جیهان هێشتایش هێزی سەربازی و ئابووری توانای یەکلاکردنەوەی هاوکێشەکانیان هەبێت و چارەسەریان بکەن؛ دەتوانین بڵێین چارەسەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پڕ بریندا تەنها و تەنها دیپلۆماسیەت و گفتوگۆ و یەکترخوێندنەوەیە. ئاخر هێز ڕۆڵی خۆی گێڕا و هیچیشی لێ سەوز نەبوو، جگە لەو نەهامەتییە مێژوویییەی کە بەرۆکی سەرزەوییەکەی گرتووە. یەک لەو کاراکتەرە دیارانەی سەرقاڵی ڕەنگڕێژکردنی ئێستایە بە ڕەنگێکی سپی و پێچەوانەی ڕەنگە مێژووییەکە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانە.
سیاسییەک کە بە توانایی و دیدگەی بەرپرسانەیەوە لە کۆنتێکستێکی ئاڵۆزدا سەرقاڵی بنیاتنانی پردی یەک لەدوای یەکە بەرەو زەمینە ناکۆک و گرژەکانی سیاسەت، ئەویش بە نزیکردنەوەی ڕوانینە دژەکان لە یەکتری و جار لەدوای جار بیرهێنانەوەی کۆکییەکان لەبری ناکۆکییەکانیان.
لە هەلومەرجێکدا کە گرژییە سیاسییەکان لەسەر پرسی ئاشتی، سەروەری، ماف و ئاساییش بەردەوامییان هەیە، سەرۆکی هەرێم وەک کاراکتەرێکی بەهێز ڕۆڵ دەبینێت و بەنزیکەیی سەرجەم هەوڵەکانیشی بە دەرئەنجامی خوازراو دەگەن یان هیچ نەبێت گرژییەکان بەجۆرێک خاو دەکەنەوە کە دەرگای گفتوگۆی لایەنە ناکۆکەکان بە کراوەیی، نەک داخراوی، بمێنێتەوە.
ئەوی خەسڵەتی ئەم سیاسییە ئاشتیخوازەیە، ڕوانینە ستراتیژی و قووڵەکەیەتی بۆ ئایندە، ئایندەیەک کە هەمووان بە ئاسوودەیی و ئاشتییەوە تێیدا بژین، هەمووان تایبەتمەندیی خۆیان هەبێت و تایبەتمەندیی ئەوانیتریش بخوێننەوە. وێڕای هەوڵە نێوخۆییەکانی بۆ پێکەوەژیان و جێبەجێکردنی دەستوور و دەستەبەری ئەرک و ماف، لە ئاستی ناوچەکەیشدا بۆ سەقامگیری و پێکەوەژیان بە بنیاتنەری چەندین پردی دیپلۆماسی دادەنرێت کە توانیویەتی بەستەڵەکی گرژی بتوێنێتەوە و زەمینە و پانتایی گفتوگۆ ئاوەدان بکاتەوە.
وەک دوا هەوڵیشی، دەتوانین ئاماژە بە نێوەندگیری و هەوڵە ئاشتیخوازانەکەی بکەین لە پرۆسەی ئاشتیی تورکیادا. هەر وەک ڕۆژنامەنووسی دیاری ئەمەریکی-تورکی، ئەمبرین زەمان لەبارەیەوە دەڵێت: " ناشێت ڕۆڵی بنیاتنەرانەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، لە نزیککردنەوەی لایەنەکاندا، نادیدە بگیرێت: نێچیرڤان بارزانی دیپلۆماتکارێکی شارەزا و بەتوانایە." ئەمە تەنها دیدگەی ڕۆژنامەنووسێک نییە، بەڵکوو واقیعێکە ڕۆژانە بەریدەکەوین و هەستی پێ دەکەین، لێکەوتە و دەرئەنجامەکانی دەبینین.
بەکورتی، سەرۆکی هەرێم تەنها سەرکردەیەکی سیاسیی نییە، بەڵکوو سیاسەتمەدارێکی واقیعیە کە دەزانێت دیپلۆماسییەت تەنێ قسە کردن نییە، بەڵکوو دروستکردنی زەمینەی گفتوگۆ و گوێگرتن و متمانەسازییە لەنێوان لایەنە ناکۆکەکاندا، کە زۆر بە ئاشکرا ئەم دەرئەنجامەی هەوڵەکانی لە پرۆسەی ئاشتیی تورکیادا دەبینین و لایەنەکانی پرۆسەکەیش تێکڕا، ستایشی ئەم ڕۆڵە گرنگ و دیپلۆماسییەی دەکەن.