پێشمەرگە ... لە نێوان ئاگری درۆنەکان و ساردیی هەڵوێستی بەغدادا
تانیا تاهیر
هەرێمی کوردستان هەمیشە وەک کارەکتەرێکی ئاشتیخواز و سەقامگیر لە ناوچەکەدا هەنگاوی ناوە و هەوڵیداوە نە بێتە بەشێک لەململانێ هەرێمی و نێودەوڵەتیەکان، بۆیە هێزی پێشمەرگەی کوردستانیش لە چوارچێوەی ئەم سیاسەت و ستراتیژەدا ، وەک هێزێکی نیزامی و پارێزەری شکۆی مرۆیی و نیشتمانی کاری کردوە، لە شەڕی دژی تیرۆر" داعش" لەجیاتی هەموو جیهان بەرەنگاری تێرۆر بووەوە.
بەداخەوە لەپاداشتی هەموو ئەمانە ئەمشەو، شەش ڕۆحی پاکی ئەم هێزە بەدرۆنی بالیستیی وڵاتێکی دراوسێی مێژوویی بەوپەڕی ترسنۆکانە و غەدر شەهید کران.
ئەوەی لە گەرمی برینی درۆنەکان بەسەر جەستەی شەهید و بریندارەکان بەژانترە، بێدەنگیی و ساردی هەڵوێستی بەناو حکومەتی شکستخواردوی (بەغداد) فیدراڵە. چونکە لەڕووی ئەخلاقییەوە، پێشمەرگە بەشێکی ڕەسەن و دانەبڕاوی سیستەمی بەرگریی عێراقە؛ کاتێک خوێنی ڕۆڵەیەک دەڕژێت کە ئەرکی پاراستنی سنوورەکانی ئەم وڵاتەی لەسەر شانە، بێدەنگیی ناوەندی بڕیار لەبەغدا وەک پشتتێکردن لەو هاوژینی و نیشتمانپەروەرییە دەردەکەوێت. چۆن دەکرێت حکومەتێک بینەری کوشتنی ڕۆڵەکانی بێت و وەک "تەماشاکەرێکی بێ لایەن" بمێنێتەوە؟ ئەمە نەک تەنها غەدرە لە پێشمەرگە، بەڵکو شکاندن و هەڕاجکردنی شکۆی دەوڵەت خۆیەتی.
لە ڕووی یاسایی و دەستوورییەوە (وەک بەرپرسیارێتییەکی فەرامۆشکراو) ، پاراستنی سەروەریی خاکی عێراق و گیانی هاوڵاتییانی، ئەرکی یەکەم و کۆتایی حکومەتی فیدراڵە. بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، هەرهێرشێک بۆسەر هەرێم، هێرشە بۆسەر هەموو عێراق. بێدەنگیی بەغدا و هەست نەکردنیان بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر ئەم "پێشێلکاریە نێودەوڵەتییە"، دەری دەخات کە پاراستنی سەروەری لای ئەوان تەنها دروشمێکی سیاسییە و لە کاتی کرداردا دەبێتە پاشەکشە. ئەم هەڵوێستە دوژمنکارانەیەی دراوسێ، پێویستی بە توندیترین کاردانەوەی دیپلۆماسی و یاسایی هەبوو لە لایەن بەغداوە، نەک بێدەنگییەک کە ماناکەی "ڕەزامەندیی تەمومژاوییە" بەم دۆخە.
تێبینی ؛ بەڕاستی دڵم نەهات وێنەی شەهیدەکان دابنێمەوە . سەری ڕێز و نەوازش بۆ خانەوادەکانیان دادەنەوێنم، هیوای زوو چاکبونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازم