ئایندەسازی ناوچەکە...

تشرینی یەکە 9, 2025 - 11:44
ئایندەسازی ناوچەکە...

محمد فائق


سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لەناو سیاسەتدا ئایندەسازی دەکات! ئەوی دوێنێ لە مێری گوتی، ئەگەر بێتو وەک نووسراو بێتە بەردەستمان و ناوی بەڕێزیانی لەسەر نەبێت، بێ دوودڵی دەیناسینەوە کە ئەمە لە هزری نێچیرڤان بارزانییەوە هەڵقوڵاوە؛ یان قسەی کەسێکە کاریگەرە بە گوتاری دیپلۆماسی و سیاسیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان. لە ئەبجەدیەتی فەرهەنگی سەرۆک نێچیرڤان بارزانیدا، هەمیشە وشەکانی: "ئاشتی، پێکەوەژیان، گفتوگۆ، لێکگەییشتن، بنیاتنان، پێکەوەیی، هاریکاری، هاوبەشی و هتد"، لە پێشی پێشەوەن. ئاسان نییە گوتار یان کۆبوونەوە و دیدار و سەردانێکی بدۆزیتەوە و پردێکی بۆ هەماهەنگی، دەرگایەکی بۆ لێکگەییشتن، پەنجەرەیەکی بۆ پێکەوەژیان، تێدا ساز نەکردبێت. دوێنێ لە مێری وەک خەسڵەتی بەرزی هەمیشەی خۆی، تەنانەت باسی لە بچووکترین پێشکەوتنەکان و دەستکەوتەکان کرد و دڵخۆشیی خۆی دەربارەیان نەشاردەوە "لە ٢٠٠٣ تا ئێستا ڕووماڵێکی واقیعییانەی دەستکەوتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانی کرد و گوتی ئەمانە کەم نین و مایەی دڵخۆشین"، لەپاڵ ئەوەشدا باسی لەوە کرد گرفتەکان چین و بۆچی هەندێک نیگەرانی هەن! لەکاتی دەستنیشانکردنی گرفتدا، خەسڵەتێکی دیکەی گوتاری چارەسەرخوازانەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی ئەوەیە، مەودا نادات باسکردن لە گرفت لە خستنەڕووی چارەسەر دووربکەوێتەوە: بە یەک ئاست لە هەردووکیان دەدوێت!

ڕەنگە خەونی هەر سیاسەتکارێکی ڕاستەقینە لە ئەو وڵاتانەدا کە ڕوو لە گەشەسەندنن ئەوە بێت کە ئایندەیەکی گەش بۆ خەڵکەکەیان دابین بکەن، بەڵام زۆرینەیان ئەوە لەبیردەکەن کە ئایندەسازی بێ ئێستاسازی بوونی نییە! هەموو هەنگاوێک بۆ بنیاتنانی ئایندە دەبێت زەمینەی لە ئێستادا بۆ سازکرابێت. مادەم مرۆڤ بوونەوەرێکە بەشە لە کۆمەڵگەیەک و کۆمەڵگەکەشی بەشێکە لە جیهان، بۆیە ئەو زەمینەیە دەبێت پێیەکی لە ناوخۆ و پێیەکی لە دەرەوەدا بێت. سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دەمێکە سەرقاڵی ئەم کارەیە. سیاسەتمەدارێکە لە ئەزموونی خۆیدا بە بنیاتنەری سەرمایەی کۆمەڵایەتیی متمانەی نێوان خەڵک و دەسەڵات دادەنرێت، کاراکتەرێکە دەرکەوتنی هەمیشە ئومێد دروست دەکات و ڕایەڵەکانی نێوان هاونیشتمانی و سیاسەت بە‌هێز دەکات. لە ئاستی دەرەکییشدا، بەردەوام واقیعییانە پەرە بە پەیوەندییەکان دەدات و ئەولەویەتیش بە ئەو لایەن و وڵاتانە دەدات کە دەتوانن ئەو ئایندەسازییەمان بۆ ئاسانتر بکەن. بەڕێزیان باسی لەوە کرد کە هەرێمی کوردستان لە ئێستادا پەیوەندییەکانی لەگەڵ جیهانی دەرەوەدا زۆر باش و مایەی دڵخۆشییە، بەڵام قەیرانێک لە ناوخۆدا ماوەتەوە کە دەبێت بە قورسایییەکی هەستپێکراوەوە لە دوای هەلبژاردنی داهاتووی عێراقەوە کار بۆ چارەسەرکردنی بکەین؛ ئەویش...


قەیرانی جێبەجێنەکردنی دەستوورە... عێراق بیست ساڵە خاوەنی دەستوورە، لەماوەی ئەم ساڵانەدا بە کۆمەڵێک ئەسبابی دیار و نادیار ئەم دەستوورە وەک خۆی جێبەجێ نەکراوە! بە درێژایی ساڵانی سەرۆکایەتیکردنی، لە تێکڕای سەردان و دیدارەکانیدا لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی جەختی لەوە کردووەتەوە کە قووڵایی ستراتیژیی هەرێمی کوردستان لە بەغدایە. ئێمە دەمانەوێت ناکۆکییەکان چارەسەر بکەین و وەک هەرێمێکی عێراقیش، پابەند دەبین بە سەرجەم ئەرکەکانی خۆمانەوە؛ بەڵام دەبێت بەغدایش دەستوور فەرامۆش نەکات و مافەکانی کورد نادیدە نەگرێت. لە ڕابردووەوە تا دوێنێ، باسی لەوە کرد کە گرنگترین وەسیقەی ئێمە لە عێراق دەستوورە، ئەگەر دەستوور وەک خۆی جێبەجێ بکرایە، زۆرێک لەو کێشە گەورە و لاوەکییانەی کە لەبنەڕەتدا هیچیان کێشەی جەوهەری نین، بوونیان نەدەبوو. بۆیە، جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت سەرجەم هێز و لایەنە کوردییەکان لە دوای هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق، لە بەغدا یەکدەنگ بن بۆ جێبەجێکردنی دەستوور؛ چونکە ئەمە هەم چارەسەری گرفتەکانی نێو لایەنەکانی بەغدا دەکات، هەم بەشێکی گەورەی ناکۆکییەکانی هەولێر- بەغدایش بنبڕ دەکات. سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، بێ فەرامۆشکردنی ئێستا چاوی لە بیناکردنی ئایندەیە، ئەم ئایندەسازییەش بۆ ئێمەی کورد بەشێکی گەورەی لەوەدایە کارێک بکەین دەستوور وەک خۆی جێبەجێ بکرێت و حوکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق، دەستوور وەک گرنگترین وەسیقەی نێوان دەسەڵات و خەڵک ببینن و پێوەی پابەند بن. بۆ کورد ئەمە بە کۆدەنگی-نەک یەک دەنگی- دەکرێت، بەوە دەکرێت لە ماڵەوە بناغەی گوتارە نیشتمانییەکە بەهێز بکەین و پاشان بیبەینە دەرەوە؛ خۆشبەختانە بۆ کردنی ئەم کارە، گوتار و ئەکتی سیاسیی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی پڕن لە کەرەستەی بەپێز.