تەندروستیی جیهانی شەپۆلێکی نوێی ئالوودەبوون رادەگەیێنێت؛ 15 ملیۆن ڤەیپکێشی منداڵ هەن

تەندروستیی جیهانی شەپۆلێکی نوێی ئالوودەبوون رادەگەیێنێت و دەڵێت، لە جیهاندا 15 ملیۆن ڤەیپکێشی منداڵ هەن.

تشرینی یەکە 9, 2025 - 09:43
تەندروستیی جیهانی شەپۆلێکی نوێی ئالوودەبوون رادەگەیێنێت؛ 15 ملیۆن ڤەیپکێشی منداڵ هەن
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) هۆشدارییەکی تووندی لەبارەی جگەرە ئەلیکترۆنییەکان و دەڵێت: ''شەپۆلێکی نوێ'' و "مەترسیداری" ئالوودەبوون بە نیکۆتینیان لەنێو گەنجاندا دروستکردووە کە بووەتە هۆی ئالوودەبوونی ملیۆنان منداڵ لە جیهاندا.
 
رێکخراوەکە لە نوێترین راپۆرتیدا رایگەیاند، لەو وڵاتانەی کە داتای وردیان بەردەستە، دەرکەوتووە منداڵان بە تێکڕا نۆ هێندەی کەسانی پێگەیشتوو زیاتر ئەگەری بەکارهێنانی ڤەیپیان هەیە، ئەمەش ئاماژەیەکی روونە بۆ ئەوەی کە ئەم بەرهەمانە بە شێوەیەکی سەرەکی گەنجان دەکەنە ئامانج.
 
ئاژانسە تەندروستییەکەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، پیشەسازیی تووتن و نیکۆتین بەردەوام بانگەشە بۆ ڤەیپ دەکات وەکو جێگرەوەیەک بۆ جگەرەی ئاسایی کە زیانی کەمترە، بەڵام لە راستیدا ئەمە تەنیا تاکتیکێکە بۆ راکێشانی نەوەیەکی نوێ و ئالوودەکردنی منداڵان بە نیکۆتین.
 
یەکەم خەمڵاندنی جیهانیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەریدەخات، زیاتر لە 100 ملیۆن کەس لە جیهاندا ڤەیپ بەکاردەهێنن. ئاژانسەکە ئەم ژمارانەی بە "جێگەی نیگەرانییەکی قووڵ" وەسف کرد. ئەم ئامارە لانیکەم 86 ملیۆن کەسی پێگەیشتوو لەخۆدەگرێت، کە زۆربەیان لە وڵاتانی خاوەن داهاتی بەرزدان، لەگەڵ لانیکەم 15 ملیۆن منداڵی تەمەن 13 بۆ 15 ساڵ.
 سەرچاوە:ڕووداو