فڕۆکەیەکی بۆمبهاوێژی B-52 ئەمریکا بەتەواوی سووتا و تێکشکا
فڕۆکەیەکی بۆمبهاوێژی ستراتیژی جۆری B-52ی سەر بە هێزی ئاسمانی ئەمریکا، لەسەر ڕێڕەوی نیشتنەوەی بنکەی ئاسمانی (ئێدواردز) لە ویلایەتی کالیفۆرنیا تووشی ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوەی گەورە بوو و بەتەواوی تێکشکا.
بەپێی ئەو وێنە و زانیارییانەی لە شوێنی ڕووداوەکەوە بڵاوکراونەتەوە، فڕۆکە زەبەلاحەکە دوای سووتانی، تەنها پاشماوەی تێکشکاوی لێ ماوەتەوە و بەشێکی زۆری جەستەی فڕۆکەکە بووە بە خۆڵەمێش.
تا ئێستا هێزی ئاسمانی ئەمریکا وردەکاری تەواوی لەسەر هۆکاری ڕووداوەکە و زیانە گیانییەکان بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام جەخت لەوە کراوەتەوە کە ڕووداوەکە لەسەر ڕێڕەوی سەرەکی بنکە سەربازییەکە ڕوویداوە.
فڕۆکەی B-52 یەکێکە لە گرنگترین و بەهێزترین فڕۆکە ستراتیژییەکانی ئەمریکا کە توانای بڕینی مەودایەکی زۆر و هەڵگرتنی بڕێکی زۆر لە چەکی قورس و ناوەکی هەیە.
سەرچاوە: کوردستان تیڤی