توێژینەوەیەک: رێژەی مردن بە شێرپەنجەکانی پەیوەست بە کحول زیاد بووە

توێژینەوەیەکی ئەمریکی ئاشکرای دەکات، لەماوەی سێ دەیەی رابردوودا لە ئەمریکا رێژەی گیانلەدەستدان بەو شێرپەنجانەی کە کحول دەشێت هۆکار بووبن بۆیان، دوو ئەوەندە زیاد بووە، بەتایبەت لەنێوان کەسانی سەروو 55 ساڵان.

ئارەی 27, 2025 - 12:55
توێژینەوەیەک: رێژەی مردن بە شێرپەنجەکانی پەیوەست بە کحول زیاد بووە

توێژینەوەیەکی کۆمەڵەی شێرپەنجە لە ئەمریکا دەریدەخات، لەنێوان ساڵانی 1990 تاوەکو 2021 ژمارەی گیانلەدەستدانەکان لە 11 هەزار و 896 بووە بە 23 هەزار و 207 کەس، د. چینمای جانی، سەرپەرشتیاری سەرەکیی توێژینەوەکە دەڵێت: کحول دەتوانێت رێخۆشکەر بێت بۆ چەندان شێرپەنجەی جیاواز و کوشندە.

لە توێژینەوەکەشدا هاتووە، زۆرترین قوربانییانی خواردنەوەی کحول پیاوانن. لە مانگی یەکی ئەمساڵدا، د. ڤیڤێک مۆرتی، پزیشکی باڵای ئەمریکا کە ناسراوە بە پزیشكی نەشتەرگەری گشتیی ئەمریکا رایگەیاند، لەدوای جگەرەکێشان و قەڵەوی، خواردنەوەی کحول سێیەم هۆکارە کە دەشێت رێگری لێبکرێت بۆ دووربوون لە شێرپەنجە.

 ئەو گوتی، کحول بە رێژەیەکی زۆر ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەکانی 'گەروو، قوڕگ، کۆڵۆن، دەم، سوورێنچک، مەمک و جگەر' زیاددەکات.

سەرچاوە: ڕووداو