وەزیری دەرەوەی ئەمریکا: پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی بەرهەمدارم لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی کرد
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "بەرهەمدار" بوو. وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەش دەڵێت، رۆبیۆ و نێچیرڤان بارزانی باسیان لە بەرەوپێشبردنی سەقامگیریی عێراق و سووریا و ناوچەکەش کردووە.

ئێوارهى دوێنێ چوارشهممه، 28-05-2025، نێچيرڤان بارزانی، سهرۆكى ههرێمى كوردستان، پهيوهندييهكى تهلهفۆنى له مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکاوه پێگهیشت. مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە ئێکس رایگەیاند "پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی بەرهەمدارم لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی هەبوو".
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتی، "هاوئاهەنگیی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستانی عێراق دەبێتە هۆکاری سەقامگیری لە عێراق و ناوچەکەش بەگشتی. هاوبەشی گرنگ لەگەڵ کۆمپانیاکانی ئەمریکا سوود بە گەلانی عێراق و ئەمریکاش دەگەیێنێت".
هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش باسی لەوە کرد، مارکۆ روبیۆ و نێچیرڤان بارزانی، ''باسیان لە هاوئاهەنگیی بەردەوام و گرنگیی نێوانیان بۆ بەرەوپێشبردنی سەقامگیری و خۆشگوزەرانی عێراق، سووریا و ناوچەکەش بەگشتی کردووە''. وەزارەتەکە دەشڵێت، "وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەستخۆشی لە هاوبەشیی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا ئەمریکییەکان و هەوڵەکانیان کردووە بۆ سوود بینین لە سەرچاوە نێوخۆییەکان تاوەکو عێراق ببێتە خاوەن وزەیەکی سەربەخۆ".
بەپێیی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، مارکۆ رۆبیۆ لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیدا لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان ''جەختی لەوەکردووەتەوە پشتیوانیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان وەکو بەشێکی سەرەکیی پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ عێراق دەمێنێتەوە.''
ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەی لەکاتێکدایە، لە نێوەڕاستی مانگی شوباتی رابردوو، لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە ئەڵمانیا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆبوونەوە و باسیان لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و هەولێر و دۆخی ناوچەکە بەگشتی کرد.
سەرچاوە: ڕووداو