هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا پرۆسەی چاکسازیی پێشمەرگە تاوتوێ دەکەن
لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، گەڕێکی دیکەی کۆبوونەوە هاوبەشەکانی نێوان بەرپرسانی ژمارەیەک لە دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان و شاندێکی دیپلۆماسی و سەربازیی ئەمەریکا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرۆسەی چاکسازی و یەکگرتنی هێزی پێشمەرگە، بەڕێوە چوو.
لە گفتوگۆکاندا، کە بە ئامادەبوونی بەڕێز جەعفەر شيّخ مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێمی كوردستان و خاتوو وێندی گرين، كونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوون، وێڕای جەختکردنەوە لە گرنگیی سەرخستنی پرۆسەی چاکسازیی هێزی پێشمەرگە، دوا هەنگاوەکانی پرۆسەکە خرانە ڕوو.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، هەنگاوی هاوبەش بۆ خێراکردنی پرۆسەکە و چارەسەرکردنی ئاستەنگەکانی بەردەمی دووپات کرایەوە و بیروڕا سەبارەت بە فراوانکردنی هەماهەنگی و هاریکاری لەنێوان هەردوولادا ئاڵوگۆڕ کرا.