*مەسرور بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی سەردانی مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتیی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان دەکات*
*مەسرور بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی:
یەکێتیی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان، ڕۆڵێکی کاریگەری هەبووە لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان و بەرگریکردن لە مافەکانی خەڵکی کوردستان و مەڵبەندێک بووە بۆ پێگەیاندنی زۆر لە سەرکردەکانی پارتی
ئەمڕۆ چوارشەممە 18 ی شوباتی 2026، مەسرور بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ، بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان ، سەردانی مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتییەکەی کرد و لەلایەن سکرتێر و ئەندامانی مەکتەبی سکرتاریەت پێشوازیی لێکرا.
جێگری سەرۆکی پارتی لە وتەیەکدا و بە بۆنەی 73مین ساڵیادی دامەزراندنی ڕێکخراوەکە، پیرۆزباییەکی گەرمی لە سکرتێر و ئەندامانی مەکتەبی سکرتارییەت و گشت ئەندامانی یەکێتیی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان کرد و ئاماژەی بەوە دا کە ئەندامانی ئەم ڕێکخراوە، هەمیشە سەلماندوویانە کەرەستەی گەورەی پارتین و ئەم ڕێکخراوە تێکۆشەرە، مەڵبەندێک بووە بۆ پێگەیاندنی زۆربەی سەرکردەکانی پارتی و ڕۆڵێکی کاریگەری هەبووە لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان و بەرگریکردن لە مافەکانی خەڵکی کوردستان .
جێگری سەرۆکی پارتی هەروەها گوتی، هیواداراین لە سەردەمی ئێستاشدا ، یەکێتیی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان، ڕۆڵی کاریگەریی هەبێت لە پێگەیاندنی گەنجەکانمان و پەرەپێدانی هوشیاریی نەتەوەیی و هزری نیشتمانپەروەری لە نێو لاوان و قوتابیانی کوردستان .